پشێوییەکانى دەریاى سوور نرخى گواستنەوەى بار بەرزدەکەنەوە

پشكنينى کۆنتێنەرەکانى سەر کەشتییەک لە یەکێک لە بەندەرەکانى چین لەلایەن کارمەندێکى بەندەرەکەوە. فۆتۆ: AP

پشێوییەکانى دەریاى سوور نرخى گواستنەوەى دەریایی باریان لەو رێڕەوە جیهانییەدا بەرزكردووەتەوە و نرخى گواستنەوەى کۆنتێنەرێک لە شەنگەهایەوە بۆ ئەوروپا گەیشتووەتە سێ هەزار و 103 دۆلار.

هێرشەکانى ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر حووسییەکانى یەمەن، نرخى گواستنەوەى باریان لەدەریاى سوور بەرێژەیەکى بەرچاو بەرزکردووەتەوە، ترسى ئەوە هەیە پشێوییەکان بۆ سەر بازرگانى جیهانى لە دەریاى سوور درێژەبکێشن، کە یەکێکە لە قەرەباڵغترین رێڕەوە دەریاییەکانى جیهان.

بەگوێرەى داتاکان، پێوەرى شەنگەهاى بۆ گواستنەوەى بارى کۆنتێنەر لە بەندەرەکانى چینەوە، بەرێژەى 16% لەسەر بنەماى هەفتانە بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە دوو هەزار و 206 خاڵ، لە ناوەڕاستى مانگى کانوونى دووەمیشەوە بە رێژەى 114% بەرزبووەتەوە.

هاوکات، کۆمپانیاى کلارکسۆنز، بۆ راوێژکارى دەریایى و خزمەتگوزاریى بارکردن رایگەیاندووە، نرخى گواستنەوەى کۆنتێنەرێک لە رێڕەوى شەنگەهاى بۆ ئەوروپا بەرێژەى 8.1% بەرزبووتەوە و گەیشتووەتە سێ هەزارو 103 دۆلار.

ئاماژەى بەوەشکردووە، بەڵام کرێى گواستنەوەى کۆنتێنەرێک بۆ بەندەرەکانى رۆژئاواى ئەمریکا 43.2% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە سێ هەزارو 974 دۆلار.