شکستەکەی ریال مەدرید ئاساییە

ئەحمەد سەنگاوی

"یاریکردن بەرامبەر ئەتلەتیکۆ مەدرید، وەکو ئەوە وایە سەردانی دكتۆری ددانت کردبێت، گەرەنتی ئەوە دەکرێت کە تووشی ئازاری ددان دەبیت، بەڵام هەمیشە کۆتاییەکەی خۆشە". ئەمە قسەی تۆماس رۆنسێرۆیە و ئەمشەو پێچەوانە بووەوە، سیمیۆنی شەوگەلێکی سەختی بەرامبەر ریال بەرێکردووە، زۆر جار جلوبەرگی رەشی پۆشیوە، وەک ئەوەی بۆ پرسەی رکابەرەکەی هاتبێت، بەڵام هەمیشە نائومێدیان کردووە و خۆی بووە بە شیوەنگێڕی لەدەستدانی خەونەکان. گەورەترین بەربەستی بەردەم خەونەکانی سیمیۆنی، ریال مەدریدە، بەڵام ئەم بردنەوانە تامێکی تایبەتی هەیە بۆ ئەتلەتیکۆ، کاتێک ناهێڵێت هەفتەیەک بەسەر دەرکردنی لە جامی سوپەری ئیسپانی تێپەڕێت، توانی تۆڵە لە ریال مەدرید بکاتەوە و بلیتە گرانبەهاکەی لەسەر حسابی ریال ببڕێت. لەوەش گرنگتر، تەنیا تیپێک بوێریی تێکشکانی ریال مەدریدی هەبووبێت، تەنیا ئەتلەتیکۆ بووە، کە لە لالیگا و لە جامی شا، تێکیشکاند. جگە لە سیمیۆنی کام تیپ ئەم وەرزە دژی ریال بردنەوەی نووسیوەتەوە. لەوەش زەخمتر لەو سێ یارییە دووبردنەوە و 10 گۆڵی دژی ئەنچیلۆتی هەیە.

بۆچی ئەم شکستەی ریال ئاساییە؟

یانەی ریال مەدرید،  بەهۆی پێکانی زۆری یاریزانە سەرەکییەکانییەوە، کێشەی ژمارەی یاریزانی هەیە. لەدەستدانی ئەو ژمارە زۆرەی یاریزان، بووەتە هۆی ئەوەی یاریزانە ئامادەکانی شەکەت و ماندوو بکات. لە ماوەی هەشت رۆژدا سێ یاری سەختی تاقەتپڕوکێنیان بەرامبەر بەرشلۆنە و ئەتلەتیکۆ مەدرید ئەنجامداوە، ئەمە لەکاتێکدا دوو یارییان چووەتە کاتی زیادکراو، بۆیە مەدریدێکی ماندوو لە رووی جەستەییەوە، بەرامبەر ئەتلەتیکۆیەک یاریی کردووە، کە لە هەموو روویەکەوە، لە مێرەنگی ئامادەترە، هاوکات قورسیشە بۆ تیپێک هەمیشە لە یارییە قورسە یەک لەدواییەکەکان داوای بردنەوەی لێبکەت. راستە هیچ کات شکست و دەکردن لە پاڵەوانێتی تاڵە، بەڵام کاتێک ئامانجە گەورەکانی وەکو چامپیۆنزلیگ و لالیگا لەدەستنەدابێت و یاریزانی کەمت لەبەردەستدابێت، گەڕانەوەی کات و کەمبوونەوەی زیاتری یارییەکان، پشوویەک بە یاریزانانی تیپەکە دەدات، بۆ ئەوەی شەکەتی یارییەکان، ژمارەی یاریزانە پێکراوەکان زیاد نەکات.

 ڤینیسۆس یاریزانێک گرنگ و بەنرخ، لەنێو کێشەدا خۆی وندەکات. ئەم یاریزانە هەمیشە ریال مەدرید لە کەشی یارییەکە دووردەخاتەوە، ئەتلەتیکۆ مەدرید دەزانن رووبەڕووبوونەوەی ریال، سەرئێشەی زۆریان رووبەڕوو دەکاتەوە، بۆیە هەمیشە باری دەروونی ڤینیسۆسیان کردووە بە خاڵی لاواز و تەرکیزی ئەم یاریزانە بەرازیلییە لەسەر یارییەکە لادەبەن. ڤینیسۆس چەند لە رووی تەکتیکییەوە دەتوانێت کێشە بۆ بەرامبەر دروست بکات، هێندەش بەهۆی زاڵنەبوون بەسەر باری دەروونیدا، بە ئاسانی خۆی دەبێتە سەرچاوەی کێشەکان، چونکە تاقیکراوەتەوە، رێگەکانی توڕەکردنی ڤینی زۆر و ئاسانە، ئەمەش باری سەرشانی ئەنچیلۆتی و تیمەکەی قورس دەکات. ئێستا خاڵی لاوازی ریال، پێش ئەوەی بەرگری و تەکتیک بێت، سایکۆلۆژیای ڤینیسۆسە، بۆیە هەریارییەک ڤینی لە کەشی یارییەکە دەربکرێت، ئەگەری شکستی ریال بەهێزە