بە بنمیچ داخستن، کولتووری هاندان دروستنابێت

هەکاری قانع


یانەکانی ئیسپانیا، لەگەڵ ئەوەی لە ماوەی رابردوودا بەردەوام لەسەر سەکۆی ناسناوەکانی ئەوروپا بوون، خاوەن یانەی گەورەن، بەڵام هاندەرەکانی خاوەنی کولتوورێکی هاندانی باش نین. کەمترین کاریگەرییان بەسەر یانەکەوە هەیە.

ریال مەدرید، بۆ دروستبوونی هۆسە و دەنگەدەنگی زۆر بنمیچی یاریگەکەی بە رووی مانچێستەر سیتی داخست، بەڵام هاندەر بە بنمیچداخستن، ناتوانێ کاریگەری دروست بکات، بۆ نموونە یاریگەکەی بۆرینمۆس، کە کەمتر لە 12 هەزار هاندەر لەخۆ دەگرێت، هاندەران لە هاندەری سانتیاگۆ بێرنابیۆ زیاتر دەنگەدەنگ و جیاوازی دروستدەکەن، بۆچی؟ چونکە کولتووری هاندان لە ئینگلتەرا و ئەڵمانیا و هەندێک لە یاریگەکانی ئیتاڵیا کولتوورێکی مێژووییە و تایبەتە بە تۆپی پێ، بەڵام لە ئیسپانیا زۆرینەی یانەکان هێندەی ململانێی مێژوویی سیاسییان هەیە، هێندە ململانێی مێژووی تۆپی پێیان نییە، تەنانەت رکابەریی نێوان دوو جەمسەرە گەورەکەی ئیسپانیا بەهۆی سیاسەتەوە دروستبووە و گەشەیکردووە، نەوەک بەهۆی تۆپی پێوە. لە ئیسپانیا جگە لە بەرشلۆنە و ئەتلەتیک بیلباو، دەگمەن یانە دەبینیت هاندەران بتوانن جیاوازی دروستبکەن، بەشێکی زۆری هاندەری ریال مەدرید و ئەتلەتیکۆ مەدرید و ڤالانسیا و بەشێک لە یانەکانی دیکە، تەنیا تەمەشاکەرن، نەوەک هاندەری یانەکە.

هاندەری ریال مەدرید تەنیا ئەوکاتانە دەنگیان لێوە دێت و دەبن بە باسوخواس، کاتێک دژی یاریزانەکانی خۆیان فیکە لێدەدەن، بۆیە ریال مەدرید ناتوانێت بە بنمیچداخستن دەنگی هاندەرانی بکات بە چەکێکی کاریگەر دژی مانچێستەر سیتیەک کە مێژوویەکی گەورەی بەدەستهێنانی ناسناوی نییە، بێگومان ئەم بیرکردنەوەی ریال مەدرید کاتێک دروستبووە کە کاریگەری هاندەرانی سیتییان لە یاریگەی ئیتیحاد بینی لە یاریی گەرانەوەی وەرزی رابردوو، هەروەها درکیان بەبێ سوودی هاندەرانی سانتیاگۆ بێرنابیۆ کرد.