هەمووی خەتای ناوبژیوان بوو بەرشلۆنە دۆڕا

ئەحمەد سەنگاوی

بە چەند رۆژێک بەر لە ئەنجامدانی کلاسیکۆ، میدیای نزیک لە یانەی بەرشلۆنە، زەمینەسازییان، بۆ گوماندروستکردن لەسەر ناوبژیوان، سیزار سۆتۆ گرادۆ دەکرد، کە یەکەمجار بوو وەک ناوبژیوانی سەرەکی، کلاسیکۆ بەڕێوە ببات. گومانەکە بۆ دوو مەبەست بوو، یەکەم بۆ ئەوەی گوشاری پێشوەختە لەسەر ناوبژیوان دروست بێت، دووەم لە ئەگەری شکستی بەرشلۆنە، بۆ ئەوەی لە بەهای سەرکەوتنی ریال کەمبکەنەوە. هەموو بیانووەکەی میدیای کەتەلۆنی ئەوەبوو، سۆتۆ گرادۆ، دوو یاریی بەرشلۆنەی لەم وەرزە بەڕێوەبردووە، لە هەردوو یارییەکە بەرامبەر خیتافی و گرانادا، یەکسانبوون و لە یارییەکەی خیتافی چاڤی و رافینهای بە کارتی سوور دەرکردووە.

ئەم وەرزە گرادۆ، چوار یاریی ریالی بەڕێوەبردووە، 10 کارتی زەردی داوە بە یاریزانانی مێرەنگی لە سێ یاریی بەرشلۆنە پێنج کارتی زەردی ئاراستە کردوون. ئەم وەرزە 18 یاریی لالیگای بەڕێوەبردووە، تەنیا کارتی سووری بە رافینها داوە. چوار لێدانی سزای هەژمار کردووە، تەنیا یەک دانەیان بۆ ریال بووە. گرادۆ بەهۆی ئەوەی ئەزموونێکی سەرکەوتووی هەبووە، مامەڵەیەکی ئارامی لەگەڵ یارییەکان کردووە و قسەی کەمی لەسەر بووە، وەکو ناوبژیوانی کلاسیکۆ دەستنیشانکرا. گومان دەکرێت لێدانە سزاکەی ڤاسکێز بڕیارێکی دروست نەبێت، گومان دەکرێت گۆڵەکەی بەرشلۆنە دروست بێت و هەژمار نەکرابێت، ئەگەر چاوی هەڵۆ لەناو هێڵەکەدا نەبێت، تاوانی ناوبژیوان چییە! کاتێک گەڕایەوە بۆ ڤار، یەکێک باشترین و سەرکەوتووترین ناوبژیوانی ئیسپانی سەرپەرشتی ژووری ڤاری کردووە، کە خۆسێ ماریا سانچێز بووە ناچار نییە بڕیارێک بدات، لە دژی بەرشلۆنە.

میدیا لە ئیسپانیا، گوشارێکی ناتەندروستی لەسەر بڕیاری ناوبژیوانەکان دروست کردووە. من دەپرسم، بۆچی ناوبژیوان تەنیا لە یارییەکانی ریال مەدرید و بەرشلۆنە قوربانین؟ بۆچی ئەم ناوزڕاندن و ناشرینکردن و لەکەدارکردنەی کەسایەتی ناوبژیوان تەنیا لە ئیسپانیا و بەدیاریکراوی لە یارییەکانی ریال بەرشلۆنە هەن. تۆمەتبەخشینەوە وەکو کولتووری قبوڵنەکردنی شکست و بێبەهاکردنی سەرکەوتنی تیپی دژبەر، زیانی بە نێوبانگی خولی ئیسپانی گەیاندووە و وەکو خولی فێڵ، قومار و ناوبژیوانکڕ نێوبانگی رۆیشتووە.

مادام بۆچوونەکان بەسەر دوو ئاراستەی جیاواز دابەشبوون، چ بە بەرگریکردن لە بڕیاری ناوبژیوان و چ بە سەرکۆنەکردنی ناوبژیوان، هەر ئەم راجیاییە، ئەوە دەسەلمێنێت ئەگەر ناوبژیوان لە هەر بڕیارێک هەڵە بووبێت، کۆدەنگییەک لەسەر بڕیارە هەڵەکانی دروست نەبووە. تۆ سەیری ئەم بێماناییە، میدیای مەدریدی سەرنجی لەسەر ئەو بڕیارانەیە گوایە ناوبژیوان بڕیاری داوە و لە دژی ئەوان بووە، بە نموونە دەڵێن (گۆڵەکەی کریستیانسن دروست نەبووە)، میدیای نزیک لە بەرشەش دەڵێن (پەناڵتی نادروستی لەدژ گرتووین و گۆڵی بۆ هەژمار نەکردووین)، ئەو وێنانەی بڵاوکراونەتەوە، هێندەی پشتگیریی دروستی بڕیارەکەی ناوبژیوان دەکەن، هێندە دژی نین.

دوو دامەزراوەی گەورەی وەکو کەناڵ پڵەس و بین سپۆرت، بە بەڵگە پیشانی دەدەن، کە تۆپەکە بە تەواوی قەبارەیەوە نەچووتە نێو گۆڵەکە، ئیدی بیانووی چی بە ناوبژیوان دەگرن، یان دەگوترێت: لایمن یامال خۆی و گۆڵەکە بووە دەبوو ناوبژیوان کارتی سووری ئاراستەی کاماڤینگا بکردایە، لەکاتێکدا دوو یاریزانی دیکەی ریال لەسەر هەمان هێڵن کە یامال لەسەری وەستاوە. بەکورتی دەگمەنجار روودەدات ناوبژیوان بەبێ سەرئێشە و ناشرینکردن لە کلاسیکۆ بێتە دەرەوە، بۆیە ئەنجامەکانی کلاسیکۆ و سایکۆلۆژیای هاندەری هەردوو یانە، هەڵسەنگاندن بۆ بڕیارەکانی ناوبژیوان دەکەن. هەق بەمیزاج و توڕەیی ناپێورێت. بەرشلۆنە لە شوێنێکی دیکە لێی قەوماوە و خەریکە لەدەستدانی وەرزەکەی بە تۆمەتبارکردنی ناوبژیوان لەبیری هاندەرانی دەباتەوە.