یاریزانێکی یانەی هەولێر داوای دەستبەرداربوونی دەکات

عەلی شاخەوان، یاریزانی یانەی هەولێر. فۆتۆ: هەژماری تایبەتی عەلی شاخەوان.

کێشەکانی نێوان عەلی شاخەوان، یاریزانی لاوی یانەی هەولێر لەگەڵ یانەکەی بەردەوامە، لە دوایین پێشهاتدا، یاریزانی ناوبراو 25ی ئەم مانگەی وەکو دوایین دەرفەت بۆ یانەی هەولێر دیارییکردووە، تاوەکو مافی دەستبەرداربوونی پێبدەن، یاخود پێشەکی گرێبەستەکەی بۆ تەرخانبکەن.

عەلی شاخەوان، بەتایبەت بە کەناڵ8ی راگەیاند، کە قسەی لەگەڵ سەرۆک و سکرتێری یانەی هەولێر کردووە، داوای لێکردوون یەکێک لەو دوو رێکارەی بۆ جێبەجێبکەن کە داوایکردووە.

یاریزانە لاوەکەی هەولێر، وەرزی رابردوو بەهۆی ئاستە ناوازەکەیەوە چەند جارێک بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی عێراق کرا، بەڵام لەم وەرزە بەهۆی دابەزینی ئاستیەوە لە پێکهاتەی ئۆڵۆمپی عێراق دوورخرایەوە.