حەوت یانەی خولی نایابی کوردستان مەترسیی دابەزینیان لەسەرە

دیمەنێک لە یارییەکانی خولی نایابی کوردستان. فۆتۆ: ئەحمەد عومەر

خولی نایابی کوردستان تەنیا پێنج هەفتەی ماوە و حەوت یانەی بەشداری خولەکە دەست لەسەر دڵن بۆ مانەوەیان لە ریزی گەورەکانی کوردستان بۆ وەرزی داهاتوو، ئەو حەوت یانەیە لە ژمارەی خاڵەکانیاندا لەیەکدییەوە نزیکن و هیچیشیان لە مەترسی دابەزین بەدوور نین.

یانەکانی سۆران، ئارارات، هەولێر، برایەتی، سەیدسادق، شەقڵاوە و دەربەندیخان دوابەدوای یەکدی ریزیان گرتووە و پێش کۆتاییهاتنی خولەکە بە پێنج گەڕ دەیانەوێت لە ناوچەی مەترسی دابەزین دووربکەونەوە، هاوکات دەربەندیخان کە دەیەمی ریزبەندییە خاوەنی 31 خاڵە و تەنیا چوار خاڵ لە یانەی سۆران جیای دەکاتەوە کە لە کۆتا پلەی ریزبەندییەکەدایە.

بەپێی یاساکانی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان، لەهەر وەرزێکی خولی نایابی کوردستان دوو تیپ دادەبەزن بۆ خولی پلەیەک، ئەو دوو کەلێنەش کە یانە دابەزیوەکان بەجێیدەهێڵن لە لایەن دوو یانەی سەرکەوتووی خولی پلەیەک پڕدەکرێنەوە، ئەگەر بەپێی ئەو حساباتەش بڕۆین کە لەم وەرزەدا بۆ خولی پلە یەکی کوردستان دەکرێت، بۆ وەرزی داهاتوو یانەکانی رزگاری و پیشەسازی دەبنە نوێترین میوانی خولی نایاب و لەپلەیەکی باڵاتردا دەست بە چالاکییەکانیان دەکەن.

رەنگە هەر یارییەک بۆ ئەو تیپانەی سەرەوە بە کۆتایی پێشوەخت هەژمار بکرێت، بەو پێیەی خاڵەکانیان هێندە نزیکن لە یەکدییەوە، بەدوور نازانرێت لە دوایین فیکەی ناوبژیوان لە دوایین گەڕی خولەکەدا براوەی گەمەی حەوت یانەکە یەکلاییبکاتەوە.

ئەوەی لەم وەرزە روودەدات چیرۆکێکی نوێیە لەم وەرزەی خولی تۆپی پێی نایابی کوردستان روودەدات، بەپێچەوانەی ساڵانی رابردوو، کە کێبڕکێی مانەوە و ئەگەرەکانی دابەزین لەنێوان دوو تاوەکو سێ یانەدا پەنگی دەخواردەوە و هێندە ئاڵۆز نەبوو.