پرۆژەی مۆبایلی نیشتمانی بە تەکنەلۆژیای نەوەی پێنجەم لە عێراق دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە

كۆبوونەوەی سەرۆكوەزیرانی عێراق و وەزیری پەیوەندییەكان. فۆتۆ: نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عێراق

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی كرد بە ئامادەبوونی هیام یاسری، وەزیری پەیوەندییەكانة، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر رێكارەكانی جێبەجێكردن بۆ مۆڵەتی مۆبایلی نیشتمانی.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاویكردەوە، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكرا لەسەر هەنگاوەكانی وەزارەتی پەیوەندییەكان و دەستەی پەیوەندییەكان و راگەیاندن.

روونیشیكردووەتەوە، هەروەها گفتوگۆكرا لەسەر پڕۆسەی دانوستان لەگەڵ كۆمپانیا نێودەوڵەتییە تایبەتمەندەكان سەبارەت بە تایبەتمەندی و پێویستییەكان بۆ بەڕێوەبردنی پرۆژەكە و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی بۆ هەموو هاوڵاتیان بەباشترین ئاست و تێچووی گونجاو، بەشێوەیەك ئاوات و پێداویستییەكانیان بگونجێت.

پێشتریش ئەنجوومەنی وەزیران لەدانیشتنی 42ـى خۆیدا، لە 17ـى تشرینی یەكەمی 2023 بڕیاریدابوو، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكان مۆڵەتی نیشتمانی مۆبایل دەربكات، بە بەكارهێنانی تەكنەلۆژیای نەوەی پێنجەم بۆ ماوەی سێ ساڵ.