20 کۆمپانیا بۆ کۆنترۆڵکردنی ژیریی دەستکرد لە هەڵبژاردنەکاندا رێککەوتن

کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن. فۆتۆ: AP

لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، 20 کۆمپانیای تەکنەلۆجیا رێککەوتن تاوەکو پێکەوە رێگری لە بابەتی ساختەی دروستکراو بە ژیریی دەستکرد بکەن، کە لەوانەیە کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی جیهان دروستبکات.

گەشەکردنی خێرای ژیریی دەستکرد کە دەتوانێت دەق و وێنە و ڤیدیۆ، لەچەند چرکەیەکدا دروستبکات، ترسی ئەوەی زیاتر کردووە لەوانەیە ئەم تەکنەلۆجیایە بۆ دروستکردنی کاریگەریی لەسەر هەڵبژاردنە گەورەکانی ئەمساڵ بەکاربهێنرێت.

رێککەوتنەکە لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن راگەیاندرا، ئەو کۆمپانیایانەی تێدایە، مۆدێلەکانی ژیریی دەستکرد دروستدەکەن، وەکو ئۆپن ئەی ئای و مایکرۆسۆفت، هەروەها ژمارەیەک پلاتفۆرمی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی وەکو مێتا و تیکتۆک و ئێکسی تێدایە.

رێککەوتنەکە بۆ هەماهەنگییە لە نێوان کۆمپانیاکان، تاوەکو بتوانن بابەتە ساختەکان بناسنەوە و هۆشیاری خەڵک و بەکارهێنەر لەمبارەیەوە زیاتربکەن و رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەس و لایەنانە بگرنەبەر، کە ئەم کارەدەکەن.