لە کوردستان ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان روو لە زیادبوونە و پسپۆڕان داوای دیدگایەکی نوێدەکەن بۆ چارەسەر

دەستبەسەرداگرتنی ماددەی هۆشبەر لە کوردستان..فۆتۆ: بەرێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان

کەناڵ8- سلێمانی

ئەوکاتەی بەهاری ساڵی رابردوو هاوڕێیەکی ماددەیەکی هۆشبەری پێدا تاوەکوو تاقیبکاتەوە، هەرگیز لەو باوەڕەدا نەبوو ئەوە یەکەم هەنگاوی بێت بەرەو بەجێهێشتنی ماڵ و ژیانی ئاسایی و گیرسانەوەی لە کونجی زینداندا.

(ک. ر. ع) بە تۆنێکی پڕ پەشیمانییەوە و لە زیندانی ئاساییشی سلێمانییەوە بە کەناڵ8ی وت "ئەو ماددەیە لە کەسوکاری کردم، گۆشەگیری کردم، نەخۆشی خستم و باریک و لاوازی کردم ، کەچی رۆژبەرۆژ جەستەم داوای زیاتری دەکرد!".

ئەو کە نەوجەوانێکی 17 ساڵانە و ئێستا لە زیندانە، دەڵێت ئەمجارە ئازاد ببم، دەچمەلای پزیشک و داوای چارەسەری لێدەکەم، دەمەوێ وەکوو جاران ببمەوە بە کەسێکی ئاسایی.

بەڵام لە سایەی نەبوونی ناوەندی پرۆفێشناڵی چارەسەر و راهێنانەوەی ئالوودەبووندا لە کوردستان، بەشێک لە ئالوودەبووەکان دوای ئازادبوونیش لە زیندان، دووبارە روودەکەنەوە ماددە هۆشبەرەکان!

نەخۆشن و دەبێت چارەسەربکرێن!

پسپۆڕێكی پزیشكیی كۆمەڵ دەڵێت لە کوردستان خەڵک تێگەیشتنی ورد و زانستییان بۆ ئالوودەبوون و چارەسەرکردنی وەکو پێویست نییە. د. عەبدولفەتاح هەورامی، پسپۆڕی پزیشکیی کۆمەڵ، دەڵێت "هەندێجار كەسەكە قوربانیی دەستی باند یان بازرگانی ئەو ماددانەیە و ئەوان ئالوودەیان كردووە، كەچی بەو پێیەی لە یاسادا وەكو تاوانبار تەماشا دەكرێ، خۆی ئاشكرا ناكات و پەی بە شوێنێكیش نابات چارەسەری تێدا ببینێتەوە".
پسپۆڕەکە دەڵێت دەبێت خەڵک هۆشیاربکرێنەوە کە ئەگەر کەسی ئالوودەبوو سەردانی پزیشکی پسپۆڕی دەروونی بکات و داوای چارەسەربکات، ئەوە وەکو نەخۆش پێشوازیلێدەکرێت و چارەسەردەکرێت، واتە لەو بارەدا وەکو تاوانبار ناناسێنرێت و رادەستی لایەنی ئەمنی ناکرێت.

پزیشکێکی پسپۆڕی دەروونیش دەڵێت ئالوودەبوون نەخۆشییەکی دەروونییە، ئەگەر کەسەکە چارەسەری بوێت، ئەوە چارەسەری هەیە، ئەگەر چارەسەریش وەرنەگرێت رووبەڕووی جۆرەها ئاڵۆزکاری دەبێتەوە، وەکوو چۆن هەر نەخۆشییەکی دەروونی و جەستەیی ئەگەر پشتگوێبخرێن و چارەسەر نەکرێن، جۆرەها لێکەوتەیان دەبێت.

د. سامان ئەنوەر فەرەج، پزیشکی پسپۆڕی دەروونی و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دەروونیی شەهید هێمن لە سلێمانی، بە کەناڵ8ی وت "ئالوودەبوون نەخۆشییەکی دەروونییە و لە کوردستانیش چارەسەری هەیە و ئێستا نەخۆشخانە دەروونییەکانی کوردستان بەشێکی تایبەت بە خەواندن و چارەسەری ئالوودەبووەکانیان هەیە".

ژمارەی ئالوودەبووان روو لە زیادبوونە

بەپێی ئامارێکی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان، تەنیا لە 100 رۆژی ساڵی رابردوو زیاتر لە 710 کەس بە تۆمەتی کڕین، فرۆشتن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەستگیرکراون. واتە بە تێکڕا رۆژانە حەوت کەس دەستگیرکراون. هەواڵی لەمجۆرە ئەگەر لە روویەکەوە چالاکیی هێزە ئەمنییەکان دەربخات و ئەرێنی بێت، لەروویەکی دیکەوە دەرخەری ئەوەیە بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ئاستێک کە جێگەی نیگەرانیی پسپۆڕانە.

لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقیش دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار، لە هەشت مانگی سەرەتای ساڵی رابردوو 12 هەزار کەس بە تۆمەتی پەیوەیست بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون. دۆخی بڵاویی ماددە هۆشبەرەکان لە عێراق گەیشتە ئاستێک پار لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێشنیازکرا پشکنینی زۆرەملێی ماددە هۆشبەرەکان بۆ چەندین چین و توێژ بکرێتە مەرج، وەکوو: ئەوانەی لە زانکۆ و پەیمانگاکان وەردەگیرێن، ئەوانەی لە فەرمانگە حکومییەکان دادەمەزرێن، ئەوانەى هاوسەرگیری دەکەن، ئەو کەسانەى داواى وەرگرتنى مۆڵەتى شۆفێرى و هەڵگرتنى چەک دەکەن.

یاساکان گۆڕاون و گرفت لە جێبەجێکردندا هەیە

پەرلەمانی کوردستان هەمواری یاسا توندەکانی تایبەت بە ماددە هۆشبەرەکانی کردووەتەوە و ئێستا بازرگانی ماددەی هۆشبەر تاوانبارە و کەسی ئالوودەبوو ئەگەر خۆی داوای چارەسەربکات ئەوە وەکو نەخۆش مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و هەوڵی چارەسەری دەدرێت نەک سزادانی، کەچی ناوەندی زانستی و پیشەیی نەکراوەتەوە بۆ ئەوەی ئالوودەبووان لە لێکەوتەکانی ئالوودەبوون و ماددە هۆشبەرەکان رزگاریان ببێت و چارەسەربکرێن.

واتە ئێستا لە هەرێمی کوردستان کەسی ئالوودەبووی ماددەی هۆشبەر ئەگەر سەردانی پزیشک بکات و داوای چارەسەر بکات، ئەوە پێویستناکات پزیشک لایەنە ئەمنییەکان ئاگاداربکاتەوە بۆ دەستگیرکردنی، بەڵکو لە نەخۆشخانە دەیخەوێنێت و چارەسەری دەکات. بەڵام دوای ئەم چارەسەرەی نەخۆشخانە، بەشێکی بەرچاوی ئالوودەبووەکان پیویستیان بە ناوەندی زانستی و پیشەیی تایبەتە بۆ ئاساییکردنەوە و راهێنانەوەیان و رزگاربوونی یەکجارییان لەو ماددە هۆشبەرانە، بۆئەوەی دوای وەرگرتنی چارەسەر تێهەڵنەچنەوە

عەقید سەلام عەبدولخالق، بەرپرسی راگەیاندنی دەزگای ئاساییش لە سلێمانی، بە کەناڵ8ی وت "مانگی ئۆکتۆبەری رابردوو لەگەڵ بەڕێوبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە گەیشتینە ئەو بڕیارەی ناوەندێکی تایبەت لە سلێمانی بکرێتەوە تەنیا بۆ چارەسەر و راهێنانەوەی ئالوودەبووان بێت و ئێستا ئەوەی ماوە لەڕووی لۆجستییەوە ناوەندەکە بکەوێتەکار".

د. سامانیش دەڵێت پلانی ئەوە لە سلێمانی هەیە ناوەندێکی پرۆفێشناڵ بکرێتەوە کە تێیدا ئالوودەبووەکان هەم چارەسەربکرێن و هەم شیاندنەوەیان بۆ بکرێت.

ئەرکێکی فرەڕەهەندە

وەك د.عەبدولفەتاح دەڵێت، چارەسەری گرفتی ئاڵوودەبوون فرەلایەنە و دەبێت بە شیوازێکی نوێگەرانە لە كوردستان دابڕێژرێتەوە كە ئامانجی سەرەکیی چارەسەركردنی كەسەكە و گێڕانەوەی بێت بۆ ناو كۆمەڵگە وەكو تاكێكی سوودبەخش و بەرهەمدار، نەوەك راپێچکردنی بۆ زیندان و خراپترکردنی دۆخەکەی "دەبێت هەمووان لە سروشتی گرفتەکە تێبگەن و هەمووانیش ئەرک و بەرپرسیارێتیی خۆیان بزانن لە چارەسەرکردنیدا"

هەرچی د. سامان ئەنوەریشە ئەوە دەڵێت بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان بەشداریی فراوانی چەندین سێکتەر و لایەنی دەوێت. "تەندروستی، پەروەردە، ئەوقاف و لایەنی ئەمنی دەبێت بە هاوئاهەنگییەوە کاربکەن بۆ رێگاگرتن لە ئالوودەبوون لەلایەک و تێگەیشتن لە گرفتی ئالوودەبوون و چۆنێتی چارەسەرکردنی لەلایەکی دی".