پەشێوییە دەروونییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستنیشانناکرێن

نەخۆشی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

لەم قۆناغەدا، کە کاریگەریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئێجگار زیادیانکردووە، زانیاریی تەندروستیی هەڵە زۆر بڵاودەکرێنەوە و ئاسانیش دەگەنە هاوڵاتییان، لە ناویشیاندا گرفتە دەروونییەکان و نیشانەکانیان، وەکو پەشێویی کەمتەرکیزی فرەجوڵەیی، ئۆتیزم و خەمۆکی.

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، پلاتفۆرمی بەسوودن بۆ نزیککردنەوەی پەیوەندیی پزیشک و نەخۆش، بەڵام پێویستە هاونیشتمانییان بزانن کە نەخۆشییەکانیان بەو نووسین و ڤیدیۆیانە دەستنیشان ناکرێن کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەیانبینن، بەتایبەت ئەو ئەکاونتانەی لە رووی پزیشکی و تەندروستییەوە تایبەتمەند نین.

ژمارەی ئەو کەسانەی خۆیان نەخۆشییەکانی خۆیان دەستنیشاندەکەن، لە جیهاندا زیادیکردووە. لە کوردستانیش، هەرچەندە ئامارێکی تایبەت بەم بابەتە نییە، بەڵام زۆر لە پزیشکان زیاتر لە جاران بەرکەوتنیان لەگەڵ ئەو نەخۆشانەدا هەیە کە لەگەڵ گەیشتنیاندا بە نەخۆشخانە و کلینیکەکان، نەخۆشییەکەیان بە پزیشکەکە دەڵێن، بەڵام زۆرجار سەرچاوەی زانیارییەکانیان و شێوازی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکەیان هەڵەن.

دەستنیشانکردنی نەخۆشی، پرۆسەیەکی کلینیکیی وردە و پزیشک بە پرسیارکردنی تایبەت بە دۆخی تەندروستیی نەخۆشەکە، مێژووی نەخۆشییەکە، نیشانەکانی نەخۆشییەکە، مێژووی خێزانیی نەخۆشەکە و ئەو پشکنینانەی بۆی دەنووسێت، دەگاتە ئەو خاڵەی لە رووی زانستییەوە دەتوانێت نەخۆشییەکەی تێدادەستنیشانبکات.

خوددەستنیشانکردن بەردەوام کێشە بووە لە زانستی پزیشکیدا، بەڵام ئێستا بە هۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، کێشەکە بەربڵاوترە، ئەمەش پرۆسەیەکی ئاڵۆزە بۆ پزیشکان و بۆ خودی نەخۆشەکانیش، بەتایبەت ئەو کەسانەی نەخۆشیی دەروونییان هەیە.

یەکێک لەو نەخۆشییە دەروونییانە، پەشێوی کەمتەرکیزی فرەجوڵەییە، بەتایبەت لە ناو خوێندکارانی ئامادەیی و زانکۆکاندا، کە زۆرجار بە هۆی خراپی توانای تەرکیز و سەرنجدانەوە لە وانەکانیان و کاتی خوێندندا، پێیانوایە توشی پەشێوییەکە بوون و لە کاتی سەردانکردنی پزیشکی دەروونیدا، خۆیان دەڵێن کە ئەو پەشێوییەیان هەیە، بەڵام دەستنیشانکردنی نەخۆشی بە یەک یان دوو نیشانە، هەڵەیەکی زانستییە و سەرجەم پەشێوییەکان چەند نیشانەیەکی دیاریکراویان هەیە و بە گوێرەی رێنماییە پزیشکییەکان دەستنیشاندەکرێن، چونکە دەکرێت کەمتەرکیزی دۆخێکی ئاسایی بێت، یان هۆکارێکی دیکەی هەبێت.

یەکێکی دیکە لەو پەشێوییانە، ئۆتیزمە، ئەمەیان لە کوردستان کەمتر بڵاوە، بەڵام لە وڵاتە پێشکەوتووەکان ژمارەی ئەو کەسانەی خۆیان بە نیشانەکانی ئۆتیزم دەستنیشاندەکەن زۆر زیادیکردووە. توێژینەوەیەکیش ئەوەی نیشانداوە، لە کۆی ئەو ڤیدیۆیانەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک تایبەت بە پەشێویی شەبەنگی ئۆتیزم دروستکراون و بڵاوکراونەتەوە، تەنها %27یان زانیاریی ورد و دروستیان تێدابووە.

یەکێکی دیکەش لە پەشێوییەکان، پەشێویی خەمۆکییە، کە زۆرجار بە هۆی ناڕوونی و نەناسینەوەی نیشانەکانەوە، کەسەکە خۆی نەخۆشییەکەی دەستنیشاندەکات، گرنگە ئەوە بزانرێت کە دڵتەنگیی بەتەنها مانای ئەوە نییە کەسەکە خەمۆکی هەیە. خەمۆکی پەشێوییەکی کلینیکییە و نەخۆشەکە جگە لە دڵتەنگی، نیشانەی دیکەشی هەیە و بە سەرجەم نیشانەکان پێکەوە دەگوترێت پەشێویی خەمۆکی، نەک یەک نیشانە، لەبەرئەوە گرنگە بزانرێت کە نەخۆش زانیاری لە کوێوە وەردەگرێت و سەرچاوەی زانیارییەکانی تا چەند دروستن، بەتایبەت لە بابەتە تەندروستییەکاندا.