پەیوەندیی نێوان دەروون و نەخۆشییە جەستەییەکان چییە؟

د. کۆیار شێرکۆ، پزیشکی پایەبڵندی دەروونی

د. کۆیار شێرکۆ، پزیشکی پایەبڵندی دەروونی، لە میانی بوڵتنی تەندروستیی کەناڵ8ـدا گوتی "زانستی نوێ چیدی بە چاوێکی جیاوازەوە سەیری نەخۆشییە دەروونی و جەستەییەکان ناکات"

سەبارەت بە کاریگەرییەکانی دەروون لەسەر جەستە پزیشکەکە دەڵێت، لە بنی پێمان تاوەکو تەوقی سەرمان، واتە هەموو شوێنێکی جەستە دەکرێت کاریگەربێت بە نەخۆشییەکی دەروونی، لە هەمان کاتدا نەخۆشییەکانی کۆئەندامەکانی دیکەی جەستەش دەکرێت گرفتی دەروونیمان بۆ دروستبکەن.

د. کۆیار شێرکۆ ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەو نەخۆشانەی سەردانی نەخۆشخانەکان دەکەن رێژەی گرفتە دەروونییەکان تیایاندا دوو ئەوەندەیە بەراورد بەو کەسانەی کە سەردانی نەخۆشخانەیان نەکردووە، هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە زۆرجار چارەخوازان لەوانەیە بەهۆی گرفتێکی جەستەییەوە سەردانی نەخۆشخانە بکەن کە هۆکارەکەی دەکرێت گرفتێکی دەروونی بێت، یان بەهۆی گرفتێکی جەستەییەوە کەسەکە تووشی گرفتی دەروونیش بووبێت. هەروەها لە تووشبووانی نەخۆشییە درێژخایەنەکانیشدا زۆرجار ئەو دەرمانانەی وەریدەگرن دەبنەهۆکار بۆ دروستبوونی گرفتی دەروونی.

سەبارەت بە نەخۆشییە درێژخایەنەکانیش، د.کۆیار ئاماژەی بەوەشدا کە رێژەی نەخۆشییە دەروونییەکان لەو کەسانەی نەخۆشییە شێرپەنجەییەکانیان هەیە یان هەر جۆرێکی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە بە رێژەی 70%-20% زیاترە بەراورد بەو کەسانەی کە هیچ نەخۆشییەکیان نییە.

هەر سەبارەت بە نەخۆشییە شێرپەنجەییەکان، د. کۆیار شێرکۆ گوتی "بەستنەوەی شێرپەنجە بە مردنەوە کاتێک کەسێک هەواڵی تووشبوونی بە نەخۆشییەکە دەزانێت، ترسی کەسەکە لە بڕینەوەی ئەندامێکی جەستەی یان شێوانی جەستەی و نەمانی پێگەی جارانی کەسەکە لە کۆمەڵگەدا بەهۆی نەخۆشییەکەوە، وای کردووە لە تووشبووانی نەخۆشییە شێرپەنجەییەکاندا، رێژەی تووشبوون بە نەخۆشیی خەمۆکی زیاتربێت بەراورد بەو کەسانەی هیچ نەخۆشییەکیان نیە".

پزیشکەکە باسیشی لە گرنگیی چارەسەرە دەروونیەکان کرد و گوتی "چەندین توێژینەوە سەلماندوویانە کە چارەسەرە دەروونییەکان نەک تەنیا بۆ گرفتە دەروونییەکانی تووشبووانی شێرپەنجە بەڵکو بۆ خودی نەخۆشییە شێرپەنجەییەکەش بەسوودە"