قومارکردن نەخۆشییە؟

هەندێجار کەسانی ئالوودە بە قومارکردن پێویستیان بە وەرگرتنی چارەسەرە. فۆتۆ:gettyimages


پەشێویی قومارکردن، بەو ویستە بەردەوامە دەگوترێت بۆ قومارکردن، کە سەرەڕای کاریگەرییەکانی لەسەر ژیانی کەسەکە، ناتوانرێت کۆنترۆڵبکرێت.

ئەو کەسانەی ئالوودەی قومارکردن دەبن، ئامادەن تەنانەت شتە بەنرخەکانی ژیانیشیان بخەنە مەترسییەوە لەپێناو دەستکەوتێکدا کە رەنگە بەهای لەوە زیاتربێت کە هەیانە. بۆ ئەوەی کەسێک بەم پەشێوییە دەسنیشانبکرێت، دەبێت بۆ ماوەیەکی درێژ کۆمەڵێک نیشانەی هەبێت، واتا مەرج نییە هەرکەسێک جارێک یان دووجار قوماری کردبێت، وەک ئالوودە تەماشابکرێت و بەم حاڵەتە دەسنیشانبکرێت.

قومارکردن سیستمی پاداشتی مێشک چالاک دەکات، هاوشێوەی کارتێکەرە عەقڵییەکان و خواردنەوە کحولییەکان. هەر ئەمەش هۆکاری ئالوودەبەنە پێی. ئەو کەسانەی ئالوودەی قومارکردن دەبن، رەنگە بە یەکجار پارەیەکی زۆر بدۆڕێنن، مانگانە پارەی بۆ کۆبکەنەوە و تەنانەت قەرزیش بکەن بۆ قورمارکردن. ئالوودەبوون بە قومارکردن حاڵەتێکی قورسە و رەنگە ژیانی کەسێک وێرانبکات.


نیشانەکانی کەسی ئالوودەبوو بە قومارکردن چین؟

  • بیرکردنەوەی بەردەوام لە قومارکردن، وەکو پلاندانان و شێوازی جیاوازی بردنەوەی پارە
  • زیادکردنی رێژەی ئەو پارەیەی بۆ قومارکردن بەکاردەهێنرێت تاوەکو هەمان دڵخۆشیی پێببەخشێت کە پێشتر بە پارەیەکی کەمتر هەستیپێکردووە
  • کەسەکە دەزانێت قومارکردن کاری کردووەتە سەر ژیانی، بەردەوام هەوڵدەدات وازبهێنێت، بەڵام ناتوانێت و دەگەڕێتەوە سەری
  • ئەو کاتانەی لە هەوڵی کەمکردنەوەی قومارکردندایە، هەست بە نائارامی دەکات
  • لە کاتی بوونی گوشاری دەروونی، بێزاری و دڵەراوکێدا، پەنادەباتە بەر قومارکردن
  • هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانەوەی ئەو پارەیەی پێشتر دۆڕاندوویەتی (راوکردنی دۆڕان)
  • داواکردنی یارمەتی لە کەسانی دیکە بۆ دانەوەی ئەو قەرزەی بەهۆی قومارکردنەوە لەسەری کەڵەکە بووە
  • هەندێجار کەسەکە پەنادەباتە بەر کاری نایاسایی بۆ پەیداکردنی پارە، وەکو دزین.
  • لەدەستدانی هەلی گەورە لە کایەکانی تری ژیاندا بەهۆی بیرکردنەوەی بەردەوام و سەرقاڵبوون بە قومارکردنەوە


ئەگەر کەسەکە بۆ ماوەی دوانزە مانگ بەبەردەوامی ئەم نیشانانەی هەبوو و نەیتوانی واز لە قومارکردن بهێنێت، بە هەبوونی پەشێویی قومارکردن یاخود ئالوودەبوون بە قومارکردن دەستنیشاندەکرێت.


هۆکارەکانی ئالوودەبوون بە قومارکردن؟

  • گۆڕانکاری کیمیایی مێشک: توێژینەوە زانستییەکان ئەوەیان سەلماندووە کە هاوشێوەی ئالوودەبوون بە کحول و کارتێکەرە عەقڵییەکان، گۆڕانکاری لە دۆپامینی مێشکدا، کاریگەری گەورەی هەیە لەسەر ئالوودەبوون بە قومارکردن.
  • بۆماوەیی: ئەو کەسانەی ئەندامێک یان زیاتری خێزانەکەیان گرفتی ئالوودەبوونیان هەیە، مەترسیی تووشبوونیان بە ئالوودەبوون بە قومارکردن زیاترە.
  • فێربوون: قوتابخانە رەفتارییەکانی دەروونزانی، باس لەوەدەکەن کە فێربوون و راهاتن لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئالوودەبوونن بە قومارکردن و ئەمەش مانای ئەوەیە کە چارەسەر دەکرێت، چونکە گەر مرۆڤ بتوانێت شتێک فێرببێت، دەشتوانێت فێرببێت چۆن وازیلێبهێنێت.

کێ مەترسیی ئالوودەبوونی زیاترە؟

  • ئەو کەسانەی پەشێوییەکی دەروونییان هەیە، وەکو: پەشێوی وەسواسی و پەشێوی کەمتەرکیزی فرەجوڵەیی
  • رێژەکە لە پیاواندا زیاترە بەروارد بە خانمان
  • ئەو کەسانەی هاوڕێیەک یان کەسێکی نزیکیان ئالوودەیە بە قومارکردن
  • جۆری کەسایەتیی کەسەکە
  • بەکارهێنانی ئەو دەرمانانەی رێژەی دۆپامین لە مێشکدا زیاددەکەن، وەکو ئەو دەرمانانەی بۆ چارەسەری نەخۆشیی پارکینسۆن بەکاردەهێنرێن

لێکەوتەکانی ئالوودەبوون بە قومارکردن

  • کاریگەریی لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی و پەیوەندییەکانی کەسەکە دروستدەکات
  • کێشەی دارایی
  • کێشەی یاسایی و دەستگیرکردنی کەسەکە
  • لەدەستدانی کار
  • بیرکردنەوە لە خۆکوشتن و هەوڵدان بۆ خۆکوژی

چۆن چارەسەر دەکرێت؟

چارەسەرکردنی ئالوودەبوون بە قومارکردن کارێکی ئاسان نییە، هۆکاری سەرەکیش ئەوەیە کەسەکە زۆر درەنگ دەزانێت کە کێشەیەکی دەروونی هەیە. بۆیە گرنگە ئەگەر کەسێک هەستی بە بوونی ئەو نیشانانە کرد لە کەسێکی نزیک یان ئەندامێکی خێزانەکەیدا، بەشێوەیەکی راستگۆیانە لەگەڵیدا باسی بابەتەکە بکات و ئاگاداری بکاتەوە کە ئەو تەنها کەس نییە ئەو کێشەیەی هەیە و تاوەکو زووتر سەردانی پزیشک بکات، ئەگەری سەرکەوتنی پرۆسەی چارەسەری زیاترە.

  • چارەسەری راوێژکاریی دەروونی: چارەسەری رەفتاری و چارەسەری رەفتاری هزری سەرەکیترین دوو رێگەی چارەسەری دەروونین.
  • دەرمان: توێژینەوەکان سەلماندوویانە کە هەندێک دەرمانی چارەسەری نەخۆشییە دەروونییەکان، کاریگەرن بۆ ئەو کەسانەی ئالوودەی قومارکردن بوون.
  • چارەسەری بەکۆمەڵ: لەم چارەسەرەدا، کەسی ئالوودە لەگەڵ ئەو کەسانەدا کۆدەبێتەوە و چارەسەر وەردەگرێت کە هەمان گرفتیان هەیە و باسی کێشەکانی خۆیان و هەنگاوەکانی چارەسەر بۆ یەکدی دەکەن.