دەم ئەو ئەندامەیە کە ژینگەی دەرەوە بە ژینگەی ناو جەستەوە دەبەستێتەوە و دەروازەی بۆری هەناسە و رێرەوی هەرسە. دەکرێت نەخۆشییەکانی دەم و ددان کاریگەری لەسەر تەندروستیی گشتیی جەستە دابنێن و بە پێچەوانەشەوە دەکرێت نەخۆشییەکانی جەستە کاریگەرییان لەسەر تەندروستیی دەم و ددان هەبێت و سەرەتا نیشانەکانیان لە دەمەوە دەربکەون. وەکو هەر شوێنێکی دیکەی جەستە، دەم بەکتریای تێدایە و زۆربەیان بێزیانن، بەڵام هەندێجار دەکرێت ببنە هۆی دروستبوونی نەخۆشی.
بەشێوەیەکی سروشتی، سیستمی بەرگریی جەستە و پاکڕاگرتنی دەم و ددان لە رێگەی شوشتن و بەکارهێنانی پەتی ددانەوە، ئەو بەکتریایانە کۆنترۆڵ دەکەن کە دەبنەهۆی نەخۆشییەکانی دەم و ددان وەکو کلۆربوونی ددانەکان و نەخۆشییەکانی پوک.
لە دەمدا، ئەرکی سەرەکیی لیک، پاککردنەوە و پاراستنی سەر رووی ددانەکان و ناوپۆشی دەمە لە میکرۆبەکان. هەندێک دەرمانی ئازارشکێن، هەستیاری، خەمۆکی و چەند دەرمانێکی دیکە، رێژەی لیک لە دەمدا کەمدەکەنەوە، ئەمەش بەرگریی دەم کەمدەکاتەوە دژی میکرۆبەکان.
ئەو نەخۆشییانە چین کە دەکرێت پەیوەندییان بە تەندروستیی دەم و ددانەوە هەبێت؟
- هەوکردنی ناوپۆشی دڵ: ئەم نەخۆشییە زۆرجار بەهۆی ئەو بەکتریایانەوە دروستدەبێت کە لە شوێنەکانی دیکەی جەستەوە وەکو دەم، دێنە ناو خوێن و لە خوێنەوە گەشتوونەتە دڵ.
- نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن: تائێستا پسپۆڕان بەتەواوی لە پەیوەندیی نێوان ئەم نەخۆشییانە لەگەڵ تەندروستیی دەم و ددان تێنەگەشتوون، بەڵام هەندێک لە توێژینەوەکان پێشنیازی ئەوە دەکەن کە نەخۆشییەکانی گیرانی خوێنبەرەکان و جەڵتەی دڵ هەندێجار دەکرێت هۆکارەکانیان هەوکردن و نەخۆشییەکانی دەم و ددان بن.
- دووگیانی: هەوکردنی توندی پوک و ئێسكی ناو دەم، دەکرێت هۆکاربێت بۆ مناڵبوونی پێشوەختە و کەمیی کێشی کۆرپەلە.
- هەوکردنی سییەکان: هەندێک بەکتریای ناو دەم دەکرێت بچنە ناو سییەکان و ببنە هۆکار بۆ توشبوون بە نەخۆشییەکانی سییەکان لەوانەش هەوکردنی سییەکان.
- نەخۆشیی شەکرە: ئەم نەخۆشییە سیستمی بەرگریی جەستە لاوازدەکات و وا لە پووک دەکات بە ئاسانی تووشی هەوکردن ببێت. نەخۆشیی شەکرە دەبێتەهۆی کەمبوونەوەی لیک و وشکبوونی دەم، ئەمەش وا دەکات کەسەکە بەهۆی کەمبوونەوەی بەرگری دژی بەکتریاکانی دەمەوە، زیاتر توشی گرفتەکانی دەم و ددان ببێت. توێژینەوەکان دەریانخستووە، ئەو کەسانەشی پووکیان هەویکردووە و نەخۆشیی شەکرەیان لەگەڵە، ناتوانن بە ئاسانی نەخۆشی شەکرەکەیان کۆنترۆڵ بکەن.
- HIV/AIDS: گرفتەکانی ناو دەم وەکو رووشان و برینی ناوپۆشی دەم بەشێوەیەکی بەرچاو باون لەو کەسانەی نەخۆشییەکانی ئەیدس یان ئێچ ئای ڤییان هەیە.
- فشەڵبوونی ئێسک: نەخۆشیی ئێسکە نەرمە بەوە ناسراوە کە تێیدا ئێسکەکان لاوازدەبن، یەکێکیش لەو ئێسکانەی بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە لاوازدەبن و تووشی داخوران دەبن، ئێسکی شەویلگەکانە کە ئەمەش زۆرجار دەبێتە هۆی لەدەستدانی ددانەکان.
- نەخۆشیی ئاڵزهایمەر: ئەم نەخۆشییە دەبێتەهۆی نەخۆشییەکانی دەم و ددان وەکو
- نەخۆشییەکانی پوک بەهۆی دابەزینی بەرگری جەستەو کەمبوونەوەی توانای هەڵسوکەوت کە ئەمەش وادەکات کەسەکە نەتوانێت دەم و ددانی بە پاکی رابگرێت
- وشکبوونی دەم: لە نەخۆشانی ئاڵزهایمەردا، وشکبوونی دەم نیشانەیەکی باوە و کردارەکانی جوین، قوتدان و پاکراگرتنی دەم قورس دەکات و دەبێتەهۆی کلۆربوونی ددانەکان.
- هەوکردنی رۆماتیزمیی جومگە: ئەم نەخۆشییە نەخۆشییەکی درێژخایەنی دژەخۆییە کە تێیدا کەسەکە توشی ئازار، ئاوسان و هەوکردنی جومگەکانی جەستەی دەبێت، جومگەکانی شەویلگەکانیش یەکێکن لەو جومگانەی کە نیشانەکانی نەخۆشییەکە تێیاندا دەردەکەون. ئەو کەسانەی ئەم نەخۆشییەیان هەیە، دەکرێت تووشی هەوکردنی پووک و ئێسکی ناو دەم، وشکبوونی دەم و ئازاری جومگەکانی شەویلگەیان ببن.
- پەشێویی بولیمیا: پەشێوییەکی دەروونییە کە کەسەکە دوای خواردن، خۆی دەڕشێنێتەوە، ئەم رشانەوە بەردەوامە و گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە بۆ ناو دەم دەبێتەهۆی داخورانی مینای ددانەکان، هەستیاربوونی ددانەکان بە ساردی و گەرمی، گۆڕانی رەنگی ددانەکان (زەردبوونیان) و کلۆربوونی ددانەکان.
ئەمانە و چەندین نەخۆشیی دیکە، کاریگەرییان هەیە لەسەر تەندروستیی دەم و ددانەکان و بە پێچەوانەشەوە تەندروستیی دەم و ددانەکان دەکرێت کاریگەریی هەبێت لەسەر زۆرێک لە نەخۆشییە جەستەییەکانی دیکە.
چۆنێتی پاراستنی تەندروستیی دەم و ددان:
- شوشتنی ددانەکان لانی کەم دوو جار لە رۆژێکدا
- بەکارهێنانی پەتی ددان هەموو رۆژێک
- بەکارهێنانی غەرغەرەی دەم
- هەبوونی رێجیمێکی تەندروست و سنوردارکردنی ئەو خۆراک و خواردنەوانەی شەکریان تێدایە
- گۆڕینی فڵچەی ددان سێ بۆ چوار مانگ جارێک
- بینینی پزیشکی ددان هەموو شەش مانگ جارێک
- دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان