هێڵەکانى ئینتەرنێت لە جیهاندا کێشەیان بۆ دروستبووە و گومان لە هێرشى حوسیەکان دەکرێت

هێڵکاریى هێڵەکانى ئینتەرنێت لە جیهاندا. فۆتۆ: گوگڵ
هێڵکاریى هێڵەکانى ئینتەرنێت لە جیهاندا. فۆتۆ: گوگڵ

کۆمپانیای نێودەوڵەتی پەیوەندییەکان (سیکۆم) دروستبوونى کێشە و گرفتى لەهێڵەکانى ئینتەرنێت لەژێر دەریاى سوور راگەیاند کە کۆمپانیاکە خاوەندارێتیان دەکات و دەڵێت، کاریگەریی لەسەر پەیوەندیەکان لەنێوان ئەفریقا و ئەوروپا لەلایەک و ئاسیا و ئەوروپا لەلایەکى دیکە هەبووە.

کۆمپانیاکە رایگەیاندووە، بەشێک لە سیستمی کێبڵ کە بە دەریای سووردا تێدەپەڕێت کارکردنی وەستاوە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر رۆیشتنی زانیارییەکانی نێوان ئەفریقا و ئەوروپا دروستکردووە.

 هاوکات سەرچاوەیەک بە سکاى نیوزى عەرەبى راگەیاندووە، حوسیەکان هێرشیانکردووەتەسەر هێڵەکانى ئینتەرنێت لەژێر دەریاى سوور، چوار هێڵى سەرەکى زیانیان بەرکەوتووە و چاککردنەوەی هێڵە تێکچووەکان رەنگە تاوەکو  هەشت هەفتەی دیکە بخایەنێت.

 لە هەڵسەنگاندنی سەرەتاییدا دەرکەوتووە، زیانی کێبڵەکان زۆر گەورەن و کۆمپانیای سیکۆم دانی بەبوونی کێشە لە سیستمی هێڵەکان ناوە، بەڵام هۆکارێکی دیاریکراوی ئاشکرانەکردووە.

نزیکەى 20 هێڵى جیهانى ئینتەرنێت بەدەریاى سوور و گەرووى بابولمەندەب تێدەپەڕن، ئەگەر هەر کێشەیەک بۆ ئەو هێڵە جیهانیانە دروست ببێت، ئەوا گەورەترین زیانى دارایی لێدەکەوێتەوە.