لایەنگرانی فەڵەستینی لەشارى نیویۆرکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، بۆ کۆتاییهێنان بە کۆمەڵکوژی ئیسرائیل بۆ سەر خەڵکی سڤیل لە غەززە و داوای ئاگربەستی خێرا، بۆ ماوەی 24 کاتژمێری بەردەوام ناڕەزایەتییان دەستپێکرد.
چالاکوانانی ئەمریکی لە باخچەی شارەوانی نیویۆرک کۆبوونەوە و ئاماژە بەوەدەکەن، تاوەکو ئاگربەستێکی دەستبەجێ و هەمیشەیی لە غەززە بەدیدێت، بەردەوامدەبن لە خۆپیشاندان و چالاکییەکانیان.
لە گردبوونەوەکەدا کە 24 کاتژمێر بەردەوامدەبێت، زۆرێک لە رێکخراوە ناحکومییەکان بەشدارییانکردووە ئەوانەى بەرپرسى گوتارەکان بوون هەوڵیاندا دەنگی خۆیان بگەیەننە، ئێریک ئادەمز، سەرۆکی شارەوانی نیویۆرک و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەکە، هاوکات داوایان لە حکومەتى وڵاتەکەیان کرد پشتگیریکردنی ئیسرائیل رابگرێت.
هەندێک لە جووە ئەمریکییەکان کە لە نیویۆرک دەژین بەشداربوون لە خۆپیشاندانەکە و بەدەنگی بەرز رایانگەیاند، "ئیسرائیل جینۆساید لە غەززە ئەنجامدەدات و نایانەوێت بە پارەى باجەکانیان پشتگیری بکەن".
بەگوێرەى زانیارییەکانى ئاژانسى فرانس پرێس، "زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار لە داهاتی باج لە ئەنجوومەنی شاری نیویۆرک، دەگوازرێتەوە بۆ حکومەتی فیدڕاڵی بۆ پشتگیریکردنی ئیسرائیل".