نەتەوەیەکگرتووەکان: ساڵی رابردوو زیاتر لە دوو ملیار تۆن زبڵ و خاشاک لە جیهاندا فڕێدراوە

فڕێدانی زبڵ و خاشاک لە هیندستان.

بەرنامەی ژینگەی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لەبارەی بڵاوبوونەوەی زبڵ و خاشاک بە جیهان دەدات و رایگەیاند، ساڵی رابردوو 2.3 ملیار تۆن زبڵ و خاشاک لە جیهاندا فڕێدراوە.

بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNEP) لە نوێترین راپۆرتیدا رایگەیاند، ژینگەی جیهان زیاتر بەرەو پیسبوون دەچێت، ئەوەش بەشێکی زۆری پەیوەندیی بە بڵاوبوونەوە و فڕێدانی زبڵ و خاشاکەوە هەیە.

زۆی لێنکیوژ، توێژەر لە بەرنامەی ژینگەی جیهان لەوبارەیەوە گوتی، ئەندامانی ئامادەکاری راپۆرتەکە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی دەبێت جیهان دەستبەجێ کار لەسەر ئەوە بکات بەرهەمهێنانی زبڵ و خاشاک بکاتە بگەیەنێتە ئاستی سفر، شێوازی بەڕێوەبردنی زبڵ و خاشاک باشتر بکات و بەرهەمهێنانی گازە زیانبەخشەکان کەمبکاتەوە کە کاریگەری لەسەر تەندروستیی مرۆڤ دەبێت.

بەگوێرەی ئەو ئامارەی بەرنامەکە بڵاویکردووەتەوە، ساڵی رابردوو 2.3 ملیار تۆن زبڵ و خاشاک لە جیهاندا فڕێدراون و هۆشداریش دەدات، ئەگەر رێکاری پێویست نەگیرێتەبەر، تاوەکو ساڵی 2050 ساڵانە فڕێدانی زبڵ و خاشاک دەگاتە 3.8 ملیار تۆن.