لە هەرێمى کوردستان ساڵانە 2500 تۆن کاڵاى پلاستیکى بەکاردەهێنرێت

ساڵانە لە هەرێمى کوردستان، دوو هەزار و 500 تۆن کاڵاى پلاستیکى بەکاردەهێنرێت، کە بریتییە لە سفرەى سەفەرى و قاپ و پەرداخ، کەوچک، عەلاگەى نایلۆن.

ئارام زاهیر، ئەندامى ژوورى بازرگانى و پیشەسازیى سلێمانى لەلێدوانێکدا بۆ کەناڵ8 رایگەیاند، کە پێداویستیی هەرێمى کوردستان بە کاڵاى پلاستیکى، ساڵانە 2500 تۆنە، لەو بڕە تەنیا 18% ی لەناوخۆدا بەرهەمدەهێنرێت، 450 تۆنە، ئەوى دیکەى کە دوو هەزارو 50 تۆنە، هاوردەى هەرێمى کوردستان دەکرێت.

ئاماژەى بەوەشکرد، کە 15 کارگەى دروستکردنى نایلۆن و سەتڵ هەیە، 12 کارگەى مامناوەندیش هەیە بۆ وردکردنى پلاستیک، بەڵام لە هەرێمى کوردستان، هیچ کارگەى گەورەی وەبەرههێنانى ماددەى پلاستیکى و پترۆکیمیاوى نییە.

کاڵاى پلاستیکى لە وڵاتانى ئێران و تورکیا و سعودیەوە هاوردەى هەرێمى کوردستان دەکرێت.

تەنیا بوونی رێژەی 5%ی ماددەی پلاستیک لە هەر خاکێکدا، وا دەکات چیدی ئەو خاکە بەکەڵکی ئەوە نەیەت خانوو و باڵەخانەی لەسەر بنیات بنرێت، جگە لەوەش لەناو پێکهاتەی پلاستیکدا زیاتر لە 20 جۆر ماددەی کیمیاوی زیانبەخش هەن، پاش ئەوەی دەچنە ناو خاک یان ئاوەکانەوە، دەبنە هۆی پیسبوونیان و کەڵکی بەکارهێنانیان ناهێڵن.

" پاشماوەی پلاستیکی هێشتا کێشەیەکی جددیيە، چونکە کەم کەسمان لەم کەرتەدا بەشدارە، بڕی پاشماوەی پلاستیک لە زیادبووندایە. زۆربەی کارگەکانی ريسايکلين بڕێکی زۆر پلاستيکيان هەڵداوەتەوە، پێموایە پێویستە خۆپارێزی بکرێت پێش ئەوەی درەنگ بێت."