لەناوەندەکانى خوێندن لە سلێمانى، هەڵەبجە، گەرمیان، راپەڕین و کۆیە شەش رۆژ دەکرێتە پشوو
دواى بڕیاردانى بەردەوامبوونى پرۆسەى خوێندن و هەڵوەشاندنەوەى پشووى بەهارە بۆ ئەو ناوچانەى کە پێشتر مامۆستایان بایکۆتى پرۆسەى خوێندنیان کردوە شەش رۆژ پشوو لەو ناوچانە راگەیەندرا.
عومەر ئەمین، جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەى سلێمانى بە کەناڵ8ى راگەیاند، پشووەکان بۆ پەروەردەکانى پارێزگاى سلێمانى و ئەو ناوچانەى پێشتر مامۆستایان بایکۆتى پرۆسەى خوێندنیان کردووە، شەش رۆژە ئەوانیش رۆژانى ( 5، 11، 14، 20، 21، 22) مانگى ئازارن کە بۆنەکانى راپەڕین، رێککەوتننامەى 11ى ئازار و ساڵڕۆژى لەدایکبوونى مەلا مستەفا بارزانى و جەژنى نەورۆزن.
گوتیشى، پشووى حەوتى ئازار کە تایبەت بوو بە ساڵیادى راپەڕینى سلێمانى هەڵوەشێندراوەتەوە و ئەو رۆژە دەوامى ئاساییە.
پێشتریش، گوتەبێژى وەزارەتى پەروەردەى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، لەو ناوچانەى کە خوێندن لەمانگى ئەیلوولەوە دەستىپێکردووە، لە 11تا 24 ئادار پشووى فەرمییە.
04/03/2024