سودانى: 50 ملیار دینار بۆ ئاوەدانکردنەوەى شەنگال و دەشتى نەینەوا تەرخانکراوە

محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە سەردانەکەیدا بۆ پارێزگاى نەینەواى لە قەزاى شەنگال سەرپەرشتى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کرد و دووپاتیکردەوە، حکومەت 50 ملیار دینارى بۆ سندووقى ئاوەدانکردنەوەى شەنگال و دەشتى نەینەوا تەرخانکردووە.

ئەمڕۆ 4ی ئازاری 2024، محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، سەردانى پارێزگاى نەینەواى کرد و لە رێورەسمێکدا بەردى بناغەى شارى نیشتەجێبوونى غەزلانى دانا، کە لەسەر رووبەرى چوار هەزار و 800 دۆنم زەوى جێبەجێدەکرێت و 28 هەزار یەکەى نیشتەجێبوون لە خۆدەگرێت.

لە گوتەیەکدا سودانى رایگەیاند، شارى نیشتەجێبوونى غەزلانى، دووەم شارە لە قۆناغى یەکەم کە لە پێنج شار پێکدێت، قۆناغى دووەمیش لە 11 شارى نیشتەجێبوون پێکدێت و بەمنزیکانە رایدەگەیەنن.

دواتریش سەرۆکوەزیران، لە ناحیەى رەبیعە نەخۆشخانەى گشتى رەبیعەى 138 قەرەوێڵەیی کردەوە.

هەر لە سەردانەکەیدا بۆ نەینەوا، سەرۆکوەزیران لە قەزاى شەنگال سەرپەرشتیى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کرد و دووپاتیکردەوە، حکومەت لە یاساى بودجەدا 50 ملیار دینارى بۆ سندووقى ئاوەدانکردنەوەى شەنگال و دەشتى نەینەوا تەرخانکردووە.