وەزیرى ژینگەی عێراق: عێراق بەدەست پیسبوونی ئاو و خاک و هەواوە دەناڵێنێت

ژمارەیەک گەنج لە ئاوێکدا مەلە دەکەن فۆتۆ: AP

وەزیرى ژینگەی عێراق، گرنگترین هۆکارەکانی پیسبوونی ئاو و هەوا ئاشکرادەکات و رایدەگەیەنێت، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە زۆرترین زیانی پێگەیشتووە و کاریگەرییەکانی بەتەواوەتی دەرکەوتووە.

نزار ئامێدی، وەزیری ژینگەی عێراق لە میانی بەشدارییکردنی لە دیداری رافیدەین، لەبارەى پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو لە عێراق رایگەیاند، ئاڵنگاریی گەورە لە عێراق، پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاوە و ئەمەش چەند هۆکارێکی هەیە، لە نێویاندا کەمی ئاو و نەگەیشتنی بڕی پێویستی پشکی ئاوی عێراق لە وڵاتانی سەرچاوەوە، چونکە بە نزیکەیی هەموو ئاوی عێراق لە دەرەوەی سنوورەکانییەوە دێت.

وەزیری ژینگەی عێراق ئاشکرایدەکات، سەرەڕای کەمی ئاو و ئەو تێکچوونەی لە گەیشتنی پشکی ئاوی عێراقدا هەیە، گۆڕانکارییە ژینگەییەکان کاریگەرییان هەبووە لەسەر کەمبوونەوەی ئاو، بەتایبەت لە وەرزی هاویندا.

باسلەوەشدەکات، لە وەرزی هاویندا و بەتایبەت دوای بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، عێراق بەرزترین پلەی گەرما لەسەر ئاستی جیهان تۆماردەکات، ئەمەش وادەکات عێراق بە یەکێک لەو وڵاتانە دابنرێت، کە کاریگەر و زیانمەندبووە بەگۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا.

ئامێدی دەشڵێت "بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، دەبێتە هۆکارى بەهەڵمبوونی بڕێکی زۆر ئاو لەمانگەکانی تەمموز و ئاب، بەشێوەیەک دەگاتە دوو بۆ سێ سانتیمەتر و بڕێکی زۆر ئاو لەدەستدەین، ئەمەش وادەکات بڕی ئاو کەمببێتەوە و کەمبوونەوەی ئاویش دەبێتە هۆکارى پیسبوونی ئاو".

وەزیرى ژینگەی عێراق، ئاماژە بەمەترسییەکی ناوخۆیی دەکات بۆ پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو و دەڵێت، رووبارەکانی عێراق بەشێوەیەکی زۆر پیسبوون، 90%ی هۆکارەکانی پیسبوونى سەرچاوەکانی ئاو، بەهۆی دامەزراوە گشتییەکانەوەیە، کە گەورەترینیان شارەوانییەکانن و مەترسیدارترینیان، رژانی ئاوەڕۆ و پاشماوە پزیشکییەکانە بۆ نێو رووبارەکان.

لەبارەى هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو، نزار ئامێدی گوتی:  "لیژنەیەکی وەزاریمان هەیە بەسەرۆکایەتی وەزارەتی ژینگە و ئەندامێتی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان و لە کۆبوونەوە و هەوڵەکانمان بەردەوامین".

باسیلەوەشکرد" بەهاوکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان و لایەنە ناوخۆییەکان، ستراتیژی کەمکردنەوەی پیسبوونی ئاو و هەوا ئامادە کراوە و ئەم ستراتیژە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەند کراوە، لە ئێستادا سەرجەم دامەزراوەکان پێویستە پابەندی ستراتیژەکە بن".

وەزیرى ژینگەی عێراق ئاماژە بەوەشدەکات "هۆکارێکی دیکەی پیسبوونی ئاوی رووبارەکان، بوونی هەزاران حەوزی ماسییە لە باکوورەوە تاوەکو باشوور، ئەو حەوزانە ئاوەکان قەتیس دەکەن و پیسی دەکەن بەهۆی عەلەف و پاشەڕۆوە و دواتر دووبارە ئەو ئاوە بەردەدرێتەوە نێو رووبارەکان".

ئامێدی ئاشکرایدەکات "لیژنەی نیشتمانیی ئاو، کە لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرۆکایەتیدەکرێت و وەزارەتەکانی ژینگە، شارەوانییەکان، چەندین لایەنی پەیوەندیداری دیکەی تێدایە، چەندین کۆبوونەوەی کردووە بۆ چارەسەرکردنی پرسی حەوزەکانی ماسی و بڕیاردراوە بۆ رێگەگرتن لە دەستدرێژیکردنە سەر رووبارەکان و لابردنی سەرجەم ئەو حەوزانەی مۆڵەتیان نییە و گۆڕینیان بۆ حەوزی کراوە".

لەبارەى پیسبوونی هەواوە، وەزیرى ژینگە رایگەیاند، سێ جۆر پیسبوونی ژینگەمان هەیە، ئەوانیش بریتین لە پیسبوونی ئاو و هەوا و خاک، عێراق بەدەست هەر سێ جۆرەکەوە دەناڵێنێت".

ئاماژە بەوەشدەکات، بەهۆی جەنگەکان و بەکارهێنانی چەکی جۆراوجۆرەوە، کێشەی تیشکدانەوەی زیانبەخشمان هەیە، لە بەسرە توانیمان کۆنتڕۆڵی تیشکدانەوەکان بکەین و لە چەند ناوچەیەکی دیکەش ئەو کێشەیەمان ماوە، بەڵام بودجەی بۆ تەرخانکراوە و لە هەوڵداین بۆ کۆنتڕۆڵکردنی و پلانمان وایە لەماوەی 18 مانگی داهاتوودا، تەواوی عێراق لە تیشکدانەوەی زیانبەخش پاکبکەینەوە".

وەزیرى ژینگەی عێراق ئاشکرایدەکات "گرنگترین هۆکارەکانی پیسبوونی هەوا، دووکەڵی ئۆتۆمبێل و کارگەکانە کە بەشێکیان سووتەمەنیی قورس بەکاردەهێنن و ئەم جۆرە کارگانە لەتەواوی جیهاندا نەماون".

گوتیشی: "گریبەستێکی وەبەرهێنانمان ئامادە کردووە، لە ئایندەیەکی نزیکدا کێشەی ئۆتۆمبێل و کارگەکان چارەسەر دەکەین".