موسڵمانانی هۆڵەندا داوایەکیان لە شای هۆڵەندا هەیە

هاوڵاتییەکی فەلەستینی لەشاری ئەمستردام فۆتۆ: AP

موسڵمانانی هۆڵەندا لە نامەیەکی کراوەدا داوا لە "وێڵم ئەلێکسەندەر" شای هۆڵەندا دەکەن رۆژی یەکشەمەی داهاتوو، پێشوازی لە سەرۆکی ئیسرائیل نەکات.

چاوەڕواندەکرێت رۆژی یەکشەمەی داهاتوو، 10ی ئازاری 2024 ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل بەسەردانێک بگاتە هۆڵەندا و لە ئەمستەردامی پایتەخت، بەشداریی لە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمێکی یادکردنەوەی هۆڵۆکۆست بکات و سەردانی مۆزەخانەی نیشتمانیی هۆڵەنداش بکات.

هاوکات بەگوێرەی بەرنامەی سەردانەکەی سەرۆکی ئیسرائیل بۆ هۆڵەندا، چاوەڕواندەکرێت وێڵم ئیلێکسەندەر، شای هۆڵەندا پێشوازی لە ئیسحاق هێرزۆگ سەرۆکی ئیسرائیل بکات.

مزگەوتەکانی هۆڵەندا لە یاداشتنامەیەکی کراوەدا داوایان لە شای هۆڵەندا کردووە بەهۆی ئەو "قەتڵوعام"ەی کە دەکرێت بەرامبەر بە هاوڵاتییانی سڤیل لە غەززە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە وەکو ناڕەزایەتییەک پێشوازی لە هێرزۆگ نەکات. بەڵام هێشتا نووسینگەی شاهانەی هۆڵەندا وەڵامی یاداشتنامەکەی موسڵمانانی هۆڵەندای نەداوەتەوە.

چاوەڕواندەکرێت لەگەڵ سەردانەکەی سەرۆکی ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە بۆ هۆڵەندا، لەلایەن فەڵەستینییەکانی تاراوگە و هاوسۆزەکانیان، خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی دژی ئیسرائیل بەڕێوەبچێت.

لە هۆڵەندا زیاتر لە یەک ملیۆن موسڵمان دەژین، بەشێکی زۆری ئەو موسڵمانانە لە ساڵی 1960ەوە وەکو هێزی کار لە وڵاتەکانی مەغریب و تورکیاوە هاتوون بۆ هۆڵەندا، دواتر خێزانەکانیشیان هێناوە و نەگەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان.

بەهمەن حەسەن، کەناڵ8 / هۆڵەندا