دژەتیرۆر لە هەولێر: لە هێرشەکەی سەر شنگال بەرپرسی هەواڵگریی پەکەکە کراوەتە ئامانج

شوێنێکی بۆردومانکراو بە درۆنی تورکیا فۆتۆ: ئانادۆڵو
شوێنێکی بۆردومانکراو بە درۆنی تورکیا فۆتۆ: ئانادۆڵو

دژەتیرۆر لە هەولێر رایدەگەیەنێت "لەو هێرشەدا کە رۆژی هەینی کراوەتە سەر رۆژئاوای قەزای شنگال، بەرپرسی هەواڵگریی پارتی کرێکارانی کوردستانی تێدا کراوەتە ئامانج و گیانیلەدەستداوە".

بەگوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆر لە هەولێر، کە لە راگەیەندراوێکیدا بڵاویکردووەتەوە "ئەمڕۆ هەینی 8ی ئازاری 2024، کاتژمێر 17:30 خولەک، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا لە نزیک گوندی زەرکا لە رۆژئاوای قەزای شنگال هێرشێکی کردووە".

دژەتیرۆر لە هەولێر دەڵێت: "لەو هێرشەدا گرووپێکی چەکدارانی پەکەکە بەئامانج گیراون و بەهۆیەوە بەرپرسێکی هەواڵگریی پەکەکە کوژراوە و پاسەوانێکیشی بریندار بووە."

ئێوارەی رۆژی هەینی، 8ی ئازار، کاتژمێر 6:00، فڕۆکەکانی تورکیا گوندی زەرکایان لە باشووری رۆژئاوای قەزای شنگال لە بناری چیای شنگال بۆردومانکرد.

لە ساڵی 2024 دا ئەمە دووەمجارە فڕۆکەکانی تورکیا قەزای شنگال بۆردوماندەکەن، جاری یەکەم لە 29ی مانگی شوباتی رابردوو بوو.