وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق: بە هۆی کەمئاوییەوە نیوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان لەناوچوون

ماسیگرێک لە پارێزگای زیقاری عێراق بەسەر زۆنگاوێکی وشکبوودا هەنگاو دەنێت. فۆتۆ: AP

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، بەهۆی کەمئاویی و کەمی بارانبارینەوە، لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا نزیکەی 27 ملیۆن دۆنم زەویی کشتوکاڵی لەناوچوون کە دەکاتە نیوەی زەوییە شیاوەکان بۆ کشتوکاڵ لە عێراقدا.

ئەمڕۆ سێشەممە، 12ی ئازاری 2024، عەلی حەموود ئەلشەمەری، بەڕێوەبەری گشتیی بازنەی زەوییە کشتوکاڵییەکان لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی "ئەلسەباح"ى رایگەیاند، کۆی گشتی زەوییە گونجاوەکان بۆ کشتوکاڵ لە عێراقدا 51 ملیۆن دۆنمە، لە کاتێکدا تەنیا لە ماوەی رابردوودا، نزیکەى 27 ملیۆن دۆنم زەوی کشتوکاڵی بەهۆی کەمئاوییەوە لەناوچوون.

دەشڵێت، ئێستا تەنیا 24 ملیۆن دۆنم زەوی لە وڵاتدا بۆ کشتوکاڵ بەکاردەهێنرێت.

بەڕێوەبەرە گشتییەکەی وەزارەتی کشتوکاڵى عێراق گوتیشى، ناکۆکی نایاسایی لە ناو جوتیاراندا لەسەر زەوی کشتوکاڵی و ئاودێریی لە هەندێک ناوچە بوونەتەهۆی بەهەدەردانی زەوییە کشتوکاڵییەکان.

ئەوەش لەکاتێکدایە، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەى گۆڕانى کەشوهەوا کاریگەریی زۆرى کردووەتە سەر وڵاتەکە و کاریگەرییەکەى بەسەر زەوییە کشتووکاڵییەکان و رووبار و زۆنگاوەکانى باشوور و وناوەڕاستى عێراقەوە دەرکەوتووە.

ساڵی 2021، عێراق دووەم وشکەساڵیی لە ماوەی 40 ساڵی پێشوودا بەخۆیەوە بینی، بەهۆی کەمی بارانبارینی پێوانەییەوە، لەماوەی 40 ساڵی رابردوودا ئاو لە رووبارەکانی دیجلە و فورات کە نزیکەی 98%ی ئاوی سەرزەویی عێراق پێکدەهێنن، بە رێژەی 30-40% کەمیکردووە، هەروەها زۆنگاوەکانی باشوور کە پاشخانێکی سروشتیی سەرسوڕهێنەرن، نزیکن لە وشکبوونەوە.