ئەنجوومەنی وەزیران: پێویستە بەغداد پارەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت

کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران

حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێویستە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ تەواوی مووچەی مووچەخۆران بۆ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بنێرێت و جیاکاری نەکات لە نێوان مووچەخۆراندا.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 13ی ئازاری 2024، حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و دواتر لە راگەیەندراوێکدا هەڵوێستی خۆی لەبارەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و ناردنی پارەی مووچە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە راگەیاند و ئاماژەی بەوەکردووە، پێویستە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ تەواوی مووچەی مووچەخۆران بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم بنێرێت و جیاکاری نەکات لە نێوان مووچەخۆراندا.

راگەیەندراوەکەی حکومەت ئاماژەی بەوەشکردووە، "وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ تەنيا بڕی 569 ملیار و 219 ملیۆن دیناری تەمویل کردووە کە دەکاتە ڕێژەی تەنيا (%59) لە کۆی گشتی مووچەی هەرێم و ئەمەش وا دەکات کە کورتهێنان لە پێدانی مووچەی هەرێم بۆ مانگی شوبات دروست ببێت".

دەشڵێت، "نابێت هیچ لەم ڕێکارانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ، ببنە مایەی بێبەشکردنی مووچەخۆرانی هەرێم لە لەمووچەکانیان کە شایستەی دارایی خۆیانە و دەبێت هاوشێوەی مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێ، بۆیە جەخت دەکەینەوە کە پێویستە مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکرێت و نابێت مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بێبەش بکرێن لە ماف و شایستەی دارایی خۆیان".

راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران جەختی لەوەشکردووەتەوە، "هیچ ڕێگرییەک نیە بۆ پشت بەستن بە پڕۆژەی (هەژماری من) کە پڕۆژەیەکی گرنگ و پێشکەوتووی بانکییە و هاوشێوەی پرۆسەی ( تەوتین)ە و تێچووەکەشی کەمترە و خزمەتگوزاریشی زیاترو باشترە و لە ژێر سەرپەرشتی و ڕێگەپێدانی بانکی ناوەندی عێراق کراوە".

دەشڵێت، "بۆیە دەبێ مووچەخۆرانی هەرێم، لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و ( هەژماری من ) ەوە، مووچەی خۆیان وەربگرن".

گوتووشییەتی، "بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ، هەموو مووچەخۆرانی هەرێم ، حیسابی بانکیان بۆ بکرێتەوە، ئەو بانکانەی لە (هەژماری من)یش بەشدارن، مۆڵەتپێدراوی بانکی ناوەندی عێراقین و بەشێکن لە پرۆسەی ( توطين) کە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق کراوە.".