چوار ملیۆن دینار دەدرێتە هەر ئاوارەیەکى شنگال بگەڕێتەوە شارەکە

کەمپى شاریا لەپاڕێزگاى دهۆک، کە ئاوارە ئێزدییەکانى تێدایە. فۆتۆ: AP

وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عیراق ئەمرۆ شەممە رایگەیاند، چوار ملیۆن دینار دەدەنە هەر خێزانێکى ئاوارەى شنگال کە بەم دواییە گەراونەتەوە زێدى خۆیان.

لەڕاگەیەندراوێکى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراقدا هاتووە، هەر خێزانێک بگەڕێتەوە زێدى خۆى لە شنگال بڕى چوار ملیۆن دینارى پێدەدرێت و بڕە پارەکەش هەموو ئەوانە دەگرێتەوە کە بەم دواییە گەراونەتەوە شارۆچکەکە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەم هاوکارییە بۆ هاندانى ئەو خێزانانەیە کە لە کەمپەکانن، بگەڕێنەوە زێدى خۆیان بەر لەداخستنى کەمپەکان.

لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەشکراوە، ئەو خێزانانەى گەڕاونەتەوە زێدى خۆیان، دەچنە چوارچێوەى یارمەتییە بەردەوامەکانى حکومەتى عێراق لەرووى دارایی و فریاگوزاریى.

بڕیارە حکومەتى عێراق لە 30ى تەمووزى 2024 کەمپى ئاوارەکان دابخات.

رۆژی یەکشەممە 18ی شوباتی 2024، عەلی عەباس، گوتەبیژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە کەناڵ8ى راگەیاند، لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بڕیار دەرچووە و رۆژی 30ـی تەمموزی ئەمساڵ وەکو دوا وادە بۆ چۆڵکردنی کەمپی ئاوارەکان دانراوە، کە ژمارەیان 24 کەمپە و تاوەكو ئێستا دانەخراون و سەرجەمیان لە هەرێمی کوردستانن، ئەوانیش دووانیان لە سلێمانین، شەشیان لە هەولێر و 16یان لە دهۆکن.

گوتەبیژەکەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گوتى، لیژنەیەکی وەزارەتەکەى خێزانە ئاوارەکانى ناونووسکردووە هەروەها چەند رێکارێک بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە دانراون، لەوانە دابینکردنی بودجەیەکی پێویست بۆ جێبەجێکردن و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی گواستنەوەی خێزانە ئاوارەکان.

بەگوتەى عەلی عەباس، سەرجەم ئەو رێکارانەی دەکرێت هانی خێزانەکان بدەن بۆ جێهێشتنی کامپەکان گیراونەتەبەر، هەرچەندە بۆچوونى وایە سەختە بەمنزیکانە بتوانن خێزانەکان بگێڕنەوە، چونکە منداڵیان هەیە و لە قوتابخانەکاندان، بەڵام رەنگە لە مانگەکانی ئایار و نیساندا خێزانە ئاوارەکان ئامادەبن بۆ جێهێشتنی کەمپەکان، چونکە ئەو کاتانە ساڵی خوێندن کۆتایی دێت.