منداڵانی بەریتانیا لەژێر هەڕەشەی توندوتیژیی ئۆنڵایندان

Close-up Of A Girl's Hand Showing Stop Sign

رێکخەرانی پەیوەندییەکانی بەریتانیا بە راپۆرتێک هۆشداریدەدەن سەبارەت بە بەردەستبوونی وێنە و ڤیدیۆی توندوتیژ لەلایەن منداڵانی وڵاتەکەوە

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە زۆرینەی منداڵانی وڵاتەکە لە قۆناغی سەرەتاییەوە بەئاسانی دەتوانن هەموو جۆرە بابەتێکی توندوتیژی بە ئۆنڵاین ببینن، ئەم بابەتانەش دەکرێت ڤیدیۆ و وێنەی شەڕکردنی سەر شەقام بن یان تەنانەت کوشتاری شەڕی وڵاتان و مافیاکان، ئەمە جگە لەو بابەتانەی هانی خۆکوشتن و زیانبەخۆگەیاندن دەدەن.

لەم لێکۆڵینەوەیەدا، 247 منداڵی وڵاتەکە چاوپێکەوتیان لەگەڵکرا سەبارەت بە ئەم بابەتە و ئاماژەیان بەوەکردووە کە ئەوان هیچ رێگەیەک نازانن بۆ دووربوون لەو جۆرە بابەتانە کاتێک ئینتەرنێت بەکاردەهێنن، تەنانەت بەئاسانی دەتوانن بابەتی توندوتیژتریش ببینن بەڵام خۆیان خواستیان لەسەری نییە.

رێکخەرانی پەیوەندییەکانی بەریتانیا زۆر بە نیگەرانییەوە هۆشداریدەدەنە حکومەتی وڵاتەکە و کۆمپانیا تەکنەلۆجییەکان و دەڵێن نابێت بە هیچ جۆرێک منداڵان هێندە بەئاسانی بینەری ئەم جۆرە بابەتانەبن و هەستبکەن کە ناتوانن دووربن لەم جۆرە توندوتیژییانە چونکە پەیوەندی راستەوخۆی بە تەندروستی و دەرووندروستیی منداڵانەوە هەیە.