لە توێژینەوەیەکی نوێدا دەرکەوتووە ئەو کەسانەی تووشی خەمۆکی بوون، مەترسییان زیاترە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ.
توێژەران لەڕێگەی لێکدانەوەی داتای 4,125,720 بەشداربوو کە تێکڕای تەمەنیان 40 ساڵ بووە و 2,370,986 یان پیاو بوون لە پەیوەندیی نێوان خەمۆکی و نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێنیان کۆڵیوەتەوە.
لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە ئەو پیاوانەی خەمۆکییان هەیە، مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ بە رێژەی 39% زیاترە بەراورد بەو پیاوانەی کە خەمۆکییان نییە. هاوکات ئەو خانمانەی خەمۆکییان هەیە، مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ بە رێژەی 64% زیاترە بەراورد بەو خانمانەی خەمۆکییان نییە.
گرنگی ئەم توێژینەوەیە لەوەدایە کە بە وردتر مەترسییەکانی پەشێویی خەمۆکی لە هەردوو رەگەزی نێر و مێدا دەرخستووە، هاوکات پشتی بە ژمارەیەکی زۆر لە داتای بەشداربووان بەستووە لەسەر ئاستی وڵاتی یاباندا.
بەرەنجامی توێژینەوەکەش ئەوەی دەرخستووە کە رێگریکردن و چارەسەرکردنی پەشێویی خەمۆکی لە رێگریکردن لە نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن گرنگە، بەتایبەتی لە خانماندا.