پسپۆڕێکی دەروونی: رۆژوو گرفتە مەزاجییەکان کەمدەکاتەوە

د. هێمن فاتیح، پزیشکی پسپۆڕی دەروونی

کەناڵ8- سلێمانی

پزیشکێکی پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان دەڵێت پابەندبوون بە رۆژووەوە بۆ بەشێکی بەرچاوی گرفتە دەروونییەکان بەسوودە.

د. هێمن فاتیح، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵ8 دەڵێت "رۆژوو، بە تایبەت ئەگەر کەسەکە بە باوەڕێکی پتەوەوە بیگرێت، بۆ بەشێکی بەرچاوی گرفتە دەروونییەکان بە گشتی و گرفتەکانی مەزاج بە تایبەتی سوودبەخشە".

پزیشکە پسپۆڕەکە دەڵێت  کە هەم توێژینەوەکان سەلماندویانە و هەم پزیشکانی دەروونیش لە ئەزموونی خۆیانەوە هەستی پێدەکەن لەکاتی بەڕۆژووبووندا گرفتەکانی مەزاج وەکوو توڕەبوونی لە راددەبەدەر، خەمۆکی و وەسواسی کەمترن و تووشبووەکان ئاسانتر بەسەریاندا زاڵ دەبن، بە تایبەت ئەگەر کەسەکان بە باوەڕێکی پتەوە رۆژووەکانیان بگرن.

لەبارەی ئەو گرفتە دەروونی و هزرییانەی تێیاندا رێنماییناکرێت بەڕۆژوو بن، د. هێمن دەڵێت "ئەوانەی بیرکۆڵییان هەیە، لەبەرئەوەی لە مەبەست و مانای رۆژوو تێناگەن، پیویستناکات بەڕۆژووبن، هەروەها ئەوانەی شیزۆفرینیایان هەیە بارری دەرونی و هزرییان رێگە بەوە نادات بەڕۆژووبن".

پزیشکە پسپۆڕەکەی دەروون دەڵێت یەکێکی دیکە لەوانەی بەپێی توێژینەوەکان باش نییە بەڕۆژووبن، ئەوانەن کە نەخۆشیی دووجەمسەرییان هەیە "بۆ ئەم کەسانە هەم دەرمانەکان فرەژەمن، هەم خەوتن بۆیان زۆر گرنگە و هەموو هۆکارەکانی تێکچوونی خەو گرفتەکانیان زیاددەکات".

نەخۆشیی دوو جەمسەری حاڵەتێکە کە تێیدا کەسەکە حاڵەتی میزاجیی دژیەکی هەیە، لە هەندێک باردا خەمۆک و گۆشەگیرە و گرنگی بە خۆی دەوروبەر نادات، کەچی دواتر زیاد لە راددە چالاک دەبن، زۆر دەجووڵێن، قسە زۆردەکەن، خەویان نامێنێ و بێسنوور پارە خەرجدەکەن.