پیسبوونی هەوا شاری چیانگ مای تایلەند دەخنکێنێت

تایلەند فۆتۆ: AFP

چیانگ مای، پایتەختی گەشتیاریی باکوری تایلەند بووەتە یەکێک لە پیسترین شارەکانی جیهان، سەردانکەران و دانیشتووانی بەرکەوتەی هەوایەک بوون کە زیانێکی زۆری بۆ تەندروستی هەیە.

بەشێكی زۆری شارەکانی تایلەند بە تەمێکی چڕ داپۆشراوە کە لە ئەنجامی پیسبوونەوە دروستبووە، هاوکات بەگوێرەی کۆمپانیای ئای کیو ئێر، کە چاودێری کوالێتیی هەوا دەکات، لەڕیزبەندی پیسترین شارەکانی جیهاندا پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە.

ئاستی گەردیلە وردەکانی PM2.5 کە دەتوانێت بچێتە ناو خوێن و ببێتە هۆی شێرپەنجە، گەیشتووەتە رادەیەک کە بە "زۆر خراپ بۆ تەندروستی" وەسفدەکرێت.

شاری چیانگ مای، زۆرجار لە مانگەکانی یەکەمی ساڵدا ئاستێکی بەرزی پیسبوون تۆمار دەکات، کاتێک جوتیارانی ناوچەکانی دەوروبەر و وڵاتانی دراوسێ دوای دروێنەکردن، کێڵگەکان دەسووتێنن بۆ ئەوەی بتوانن بە خێرایی دەستبکەنەوە بە چاندن.

ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان و دوکەڵی ئۆتۆمبێل، بەشدارن لە خراپبوونی دۆخەکە، کە ئەو وڵاتە ئاسیاییە تاوەکو ئەمدواییانە درکی بە جددییەتی نەکردووە.

لە مانگی یەکی رابردوودا، سریتا تاڤیسین، سەرۆکوەزیرانی تایلەند، ڕەشنووسی یاسای هەوای پاکی پەسەند کرد، کە هەوڵێکە بۆ سنووردارکردنی دەرئەنجامەکانی پیسبوونی هەوا، کە تادێت مەترسی لەسەر تەندروستی تایلەندییەکان دروستدەکات.

هاوکات لێکۆڵینەوەیەکی فەرمی بڵاویکردەوە، دە ملیۆن لەو کەسانەی لە ساڵی 2023 سەردانی پزیشکیان کردووە، سەبارەت بە کێشەی هەناسەدان گرفتیان هەبووە.