دی ئەنجێلۆ راسل ریکۆردێکی 18 ساڵەی کۆبی براینتی شکاند

دی ئەنجێلۆ راسڵ، ئەستێرەی تیمی لۆس ئەنجلس لەیکەرز. فۆتۆ:AP

لیبرۆن جەیمس و دی ئەنجێلۆ راسڵ بە تۆمارکردنی زیاتر لە 50 خاڵ، لە "ئێن بی ئەی" تیمی لۆس ئەنجلس لەیکەرزیان بەرەو سەرکەوتنێکی گەورە برد بەرامبەر بە ئەتلانتا هوکس.

یارییەکە بە ئەنجامی 136 بە 105 خاڵ لە بەرژەوەندیی لەیکەرز کۆتاییهات، لیبرۆن جەیمس 25 خاڵ و 10 ئەسیست و حەوت ریباوندی تۆمارکرد، بە هەمانشێوە دانجێلۆ راسڵ کاریگەری لەسەر ئەنجامەکە دروستکرد و ئەو یاریزانەش 27 خاڵ و 10 ئەسیستی تۆمارکرد.

هەر لەسەر ئاستی ریکۆردەکان، دانجێلۆ راسل لەم وەرزەدا لە 183 شووتدا سەرکەوتووبووە، کە زیاترە لە ریکۆردی کۆبی براینت لە وەرزی 2005-2006 کە دەگەیشتە 180 شووتی سەرکەوتوو.

لە یارییەکی دیکەدا، کاریس لیڤێرت و جاریت ئالن هەریەکەیان 23 خاڵیان تۆمارکرد و تیمی کلیڤلاند کاڤالێرزیان بەرەو سەرکەوتنێکی گەورە برد، بە ئەنجامی (108 بە 103) بەرامبەر ئیندیانا پیسەرز.

کلیڤلاند لە دوایین چارەکی یارییەکەدا بە کۆی هەشت خاڵ لەپێش بوو، ئیندیانا پیسەرز بەر لە دوو خولەکی کۆتایی یارییەکە توانی ئەنجامەکە یەکسانبکاتەوە، بەڵام بەخێرایی کاریس لیڤێرت بە شووتێکی دوور توانی ئەنجامەکە لە یەکسانبوونەوە بۆ سەرکەوتنی کاڤالێرز بگۆڕێت، لەو یارییەشدا دۆناڤان میچێل و دوو یاریزانی دیکەی یانەکە بەهۆی پێکانەوە نەیانتوانی بەشداریی لە یارییەکەدا بکەن.

پاسکال سیاکامیش لە تیمی ئیندیانا وێڵز باشترین تۆمارکەر بوو بە تۆمارکردنی 19 خاڵ، تایرێس هالیبۆرتن-یش 14 خاڵی تۆمارکرد.