چوارشەممە لە زانکۆ و خوێندنگەکانى کەرکوک پشووە

تەلارى زانکۆى کەرکوک. فۆتۆ: پەڕەى زانکۆى کەرکوک لە فەیسبووک
تەلارى زانکۆى کەرکوک. فۆتۆ: پەڕەى زانکۆى کەرکوک لە فەیسبووک

بەهۆى نالەبارى کەشوهەواوە، بەڕێوەبەرایەتى گشتى پەروەردە و زانکۆى کەرکوک، رۆژى چوارشەممەیان کردە پشووى فەرمى.

بەڕێوەبەرایەتى پەروەردەى کەرکوک لە پەڕەى خۆى لەتۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، بەهۆى خراپى کەشوهەواوە، لە سەرجەم خوێندنگەکانى پارێزگاکە، رۆژى چوارشەممە 20ـى ئازارى 2024، پشووى فەرمى دەبێت.

هاوکات، د. عەمران جەمال، سەرۆکى زانکۆى کەرکوک رایگەیاندووە، رۆژى چوارشەممە لە زانکۆکەیان پشووى فەرمى دەبێت، ئەوەش بەهۆى دۆخى کەشوهەواى پارێزگاکە.

لە هەمانگاتدا، پارێزگاکانى سەڵاحەدین، دیالە، واست بەڕێوەبەرایەتى پەروەردەى بەغداد، بەهۆى دۆخى کەشوهەوا و ئەگەرى دروستبوونى لافاو، رۆژى چوارشەممەیان کردووەتە پشووى فەرمى.

ماوەى چەند رۆژێکە شەپۆلێکى بەهێزى بارانبارین رووى لە چەندین پارێزگاى عێراق و پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان کردووە و لە چەندین ناوچە لافاو دروستبووە و زیانى بە هاونیشتمانیان گەیاندووە، لە پارێزگاى دهۆکیش بەهۆى لافاوەوە سێ هاونیشتمانى گیانیانلەدەستداوە.