ئاکپارتی دەیەوێت دەستوورێکی نوێ بۆ تورکیا دابنێت

ئاڵای تورکیا لە سەربانی یەکێک لە باڵەخانەکانی ئیستانبوڵ. فۆتۆ: AP

ئاکپارتی هەوڵەکانی دانانی دەستوورێکی نوێ بۆ تورکیا چڕ دەکاتەوە و دوای جەژنیش سەردانی سەرجەم لایەنەکان دەکات.

دوای دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی تورکیا لە 14ی نیسان، فراکسیۆنی پارتی داد و گەشەپێدان سەردانی سەرجەم لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن دەکات، تاوەکو بۆچوونیان لەبارەی دانانی دەستوورێکی نوێ بۆ تورکیا وەربگرێت.

لەگەڵ ئەوەی پێشتر باس لە گۆڕینی دەستوور دەکرا، بەڵام ئامانجی ئاکپارتی نووسینەوەی دەستوورێکی نوێیە لە سفرەوە و چاوەڕوانیشدەکرێت دەستوورەکە لە 90 بۆ 100 ماددە پێکبێت.

تاوەکو ئێستا دوو بۆچوون هەیە لەبارەی وەرگرتنی بۆچوونی لایەنەکانی دیکە؛ یان لایەنەکان هەریەکە و دەستووری خۆی پێشنیاز دەکات یان هەر لایەنێک تێبینییەکانی خۆی لەبارەی دەستووری نوێ دەخاتەڕوو.

بەرپرسێکی باڵای ئاکپارتی بە میدیای نزیک لە حکومەتی راگەیاندووە، بە دەقێکی ئامادەکراوەوە ناچنە لای لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن، بەڵکو سەرەتا سەردانی لایەنەکان دەکەن و لەبارەی چۆنییەتی کارەکان گفتوگۆیان لەگەڵ دەکەن.

پێشکەشکردنی پرۆژەیاسای گۆڕینی دەستوور، پێویستی بە دەنگی 200 پەرلەمانتار هەیە و بۆ دەنگدان لەسەر گۆڕینی دەستووریش لە 600 پەرلەمانتاری پەرلەمانی تورکیا، پێویست بە دەنگی 360 پەرلەمانتار دەکات.