هەردوو دەروازەی سنووریی خوسرەوی و پەروێزخان لە پشووکانی نەورۆزدا کراوەدەبن

دەروازەی پەروێزخان لە سنووری هەرێمی کوردستان و ئێران.

لە پشووەکانی نەورۆز هەردوو دەروازەی سنووریی خوسرەوی و پەروێزخان لەشاری قەسری شیرینی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاتوچۆی گەشتیاران کراوەدەبن.

رەزا قوربانی، بەڕێوبەری گشتی دەروازەی سنووریی پەروێزخان رایگەیاند، هیچ سنووردارکردنێک لە دەروازە سنوورییەکانی قەسری شیرین نابێت بەجۆرێک گەشتیارانیش دەتوانن لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران، عێراق و ئێران بە پێچەوانەشەوە هاتووچۆبکەن.

قوربانی دەڵێت، ئامادەکارییەکی تەواو هەیە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بەو گەشتیارانەی لە هەردوو دەروازە سنوورییەکەوە هاتووچۆ دەکەن.

شارۆچکەی قەسری شیرین کە زیاتر لە 27 هەزار کەسی تێدایە لە رۆژئاوای کرماشانە، سنووری 186 کیلۆمەترى لەگەڵ عێراق هەیە، بەدرێژایی ئەم سنوورە دوو دەروازەی فەرمی پەروێزخان و خوسرەوی هەیە و تێیدا ئاڵوگۆڕی ئابووری و بازرگانی و هەناردەکردنی کەلوپەل بۆ هەرێمی کوردستان  و ناوەندی عێراق لەم دوو  دەروازەوە دەکرێت.