تاوەکو چەند ترێندە بەناوبانگەکەی تیکتۆک بۆ پاککردنەوەی پێست بەسوودە؟

لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆکدا، کەسە ناودارەکان بەبەردەوامی رێنماییدەدەن بە شوێنکەوتووانیان، بەتایبەتیش رێنمایی تەندروستی. یەکێک لەو ترێندانەی بەم دواییانە لەم تۆڕ کۆمەڵایەتییەدا بڵاوبووەوە، شوشتنی دووجارەی رووخسارە.

وەکو لە ناوەکەیدا دیارە، شوشتنی دووجارەی رووخسار واتە لە هەر شوشتنێکی رووخساردا، پێویستە دوو جار بە بەکارهێنانی دوو جۆری جیاوازی غسول رووخسار بشۆردرێت.

شوشتنی دووجارەی رووخسار چییە؟

پسپۆڕان دەڵێن گرنگیی ئەم تەکنیکە نوێیە تەنیا لەوەدا نییە کەسەکە دووجار رووخساری بشوات، بەڵکو گرنگییەکەی لە گۆڕینی غسولەکانییەتی.

واتە دەبێت سەرەتا کەسەکە رووخساری بە غسولێک بشوات کە چەوربێت دواتر بە غسولێکی ئاوی دووبارە رووخساری بشواتەوە.

بۆچی گرنگە سەرەتا بە غسولێکی چەور رووخسار بشۆردرێت دواتر بە غسولێکی ئاوی؟

چونکە کاتێک سەرەتا بە غسولێکی چەور رووخسار دەشۆردرێت، دەبێتەهۆی توانەوە و لابردنی هەموو پیسییە چەورەکانی سەر پێست وەکو پاشماوەی دژەخۆر، ئارایش و چەوریی پێست، دواتر کە بە غسولێکی ئاوی رووخسار دەشۆررێت، رووخسار پاکدەبێتەوە لە ئارەق و پیسی.

هۆکاری کاریگەربوونی ئەم رێگەیە ئەوەیە کە وەکو زانراوە چەوری لەگەڵ ئاو تێکەڵ نابێت، واتە پیسییەک کە پێکهاتەکەی چەوری بێت، بە غسولی ئاوی پاکنابێتەوە و پێچەوانەکەشی راستە. هەربۆیە بەم شێوازە پێست لە هەردوو جۆری پیسی و پاشماوە پاکدەبێتەوە.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، دەکرێت ئەم رێگەیە بۆ هەندێکەس گونجاو نەبێت وەکو ئەو کەسانەی کە پێستییان هەستیارە، چونکە دووجار شوشتنی رووخسار هۆکاردەبێت بۆ زیانگەیاندن بە پێستی ئەم کەسانە، بەتایبەتی ئەگەر ئەو جۆرانەی غسول بەکاربهێنن کە پێکهاتەی کیمیایی قورسیان تێدایە.