بافڵ جەلال تاڵەبانی: پشتیوانیی خۆمان بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دووپاتدەکەینەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، پشتیوانیی خۆمان بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دووپاتدەکەینەوە و هەموو ناوزڕاندن و مامەڵەیەکی خراپیش بەرامبەر دادگاکە رەتدەکەینەوە.

ئەمڕۆ هەینی، 22ی ئازاری 2024، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی لەبارەی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، "سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری یەکێکە لە پایە بنەڕەتییەکانی سیستمی دیموکراسی و رەوتی حوکمڕانی وڵاتانی پێشکەوتوو. چەسپاندنی سەروەری یاسا و دادپەروەری لە پایەکانی سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتین کە زامنی مافی هاووڵاتیان و کۆمەڵگەیە لە عیراق و هەرێمی کوردستان".

سەرۆکی یەکێتی دەشڵێت، "پشتیوانیی خۆمان بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و ڕۆڵی لە پاراستنی دەستوور، دادپەروەری و سیستمی دیموکراسی دووپات دەکەینەوە، هەموو ناوزڕاندن و مامەڵەیەکی خراپیش رەتدەکەینەوە بەرامبەر دادگای باڵای فیدراڵی".

لەبارەی دادگاکەوە بافڵ جەلال تاڵەبانی گوتوویەتی، "دادگایەکی سەربەخۆ و پیشەییە کە بەشداری کارایە لە پاراستنی سیستمی سیاسی لە عیراقدا و پاراستنی سەربەخۆیی ئەوەش لەقوڵایی ئەرکە دەستووریی و نیشتمانییەکانە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "دەسەڵاتی دادوەری عیراقی بە سەربەخۆییەکەی ناسراوە و رێزگرتن لەوسەربەخۆییەش رەنگدانەوەی پێشکەوتنی کۆمەڵگەیە و فاکتەرێکی گرنگە کەهاوڵاتیان لەسایەیدا هەست بەسەقامگیری، ئاسایش، ئۆقرەیی و زامنی مافەکانیان دەکەن".

لەدرێژەی پەیامەکەیدا سەرۆکی یەکێتی جەخت لە پابەندبوون بە یاسا دەکاتەوە و دەڵێت، "با پێکەوە کاربکەین بۆ بەهێزکردنی روحییەتی هانابردن و ڕێزگرتنی ڕەها بۆ یاسا، سەربەخۆیی و بێلایەنی دەسەڵاتی دادوەری جێگیر بکەین، کە سەرۆک مام جەلال رۆڵی گرنگی هەبووە لە چەسپاندنیدا لە چوارچێوەی دەستووری عیراقدا".