"بەڵێ دەتوانین کۆتایی بە سیل بهێنین" دروشمی ئەمساڵی رۆژی جیهانیی سیلە

سیل نەخۆشییەکی گوازراوەی بەکتریاییە و زیاتر تووشی سییەکان دەبێت

ئەمساڵ بە دروشمی "بەڵێ دەتوانین کۆتایی بە سیل بهێنین"، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی یادی رۆژی جیهانیی سیل دەکاتەوە و داوا لە وڵاتان دەکات پابەندی بەڵێنەکانیان بن بە چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە سیل.

تەندروستیی جیهانی دەڵێت پار سەرانی وڵاتان لە لوتکەی 2023ی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵێنی پابەندیی خۆیان دووپاتکردەوە بە کۆتاییهێنان بە نەخۆشیی سیل، بۆیە هەوڵەکانی ئەمساڵ بۆ بەکردەییکردنی ئەو بەڵێنانەی وڵاتان دەبێت.

رێکخراوە جیهانییەکە دەڵێت بە تێوەگلانی سەرانی وڵاتان لە هەوڵەکان، وەبەرهێنانی دارایی زیاتر لە بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکە و زوو جێبەجێکردنی پێشنیازنامەکانی تەندروستیی جیهانی، دەتوانرێت کۆتایی بەم نەخۆشییە بەربڵاوە بهێنرێت.

سیل نەخۆشییەکی گوازراوەی بەکتریاییە و بەپێی دوا ئامارەکانی تەندروستیی جیهانی ساڵانە 10 ملیۆن کەس تووشی دەبن و زیاتر لە ملیۆنێک کەسیش بەهۆیەوە دەمرن.

نەخۆشیی سیل، کە لە کۆندا لەناو کورددا پێی وتراوە "دەردە باریکە"، لەسەر ئاستی جیهان لەپاش کۆڤید یەکەم هۆکاری مردنە بە نەخۆشیی گوازراوە(ساڵانە دە ملیۆن تووشبوون و زیاتر لە ملیۆنێک مردن)؛ کوردستان و عێراق یەکێکن لەو ناوچانەی ئەم نەخۆشییە تێیاندا بڵاوە و عێراق زۆرترین ڕێژەی تووشبوونی هەیە بەراورد بە دراوسێکانی و ساڵانە زیاتر لە 8000 حاڵەت تۆمار دەکات. لە هەرێمی کوردستان ژمارەی حاڵەتە نوێیەکان ساڵانە سەرووی 500 کەسە و پزیشکانی پسپۆڕ دەڵێن ڕێژە ڕاستەقینەکە لەوە زیاترە، بەو پێیەی ژمارەیەکی بەرچاوی تووشبووان دەستنیشان و تۆمار ناکرێن.

بەپێی زانیارییەکانی کەناڵ8 ساڵی رابردوو لە سلێمانی 240 حاڵەتی نوێی سیل تۆمارکراون و لە سێ مانگی یەکەمی 2024 ژمارەی حاڵەتە نوێیەکان 61 حاڵەت بووە.

رۆژی 24ی ئاداری 1882 بۆ یەکەمجار رۆبەرت کوخ ئاشکرایکرد کە بۆی دەرکەوتووە نەخۆشیی سیل بەهۆی بەکتریایەکەوە تووشی مرۆڤ دەبێت، ئەمەش دەرگای واڵاکرد بەڕووی دەستنیشانکردن و چارەسەرکردن و خۆپارێزی لە نەخۆشییەکە، بۆیە ساڵانە رۆژی 24ی ئادار تەرخانکراوە بۆ هەڵمەتی هۆشیاری لەبارەی سیل و هاندان بۆ کۆتاییهێنان بەم نەخۆشییە.