ئایا دەکرێت ژیان بۆ هەندێکەس وەکو فیلمی ترسناکبێت؟

تووشبووانی نەخۆشییەکی دەماری هەموو کەسانی دەوروبەریان وەکو دێوەزمە دەبیینن.

پرۆسۆپۆمێتامۆرفۆپسیا نەخۆشییەکی دەمارییە کە تێیدا ئەو ناوچەیەی لە مێشکدا بەرپرسە لە لێکدانەوەی رووخساری کەسانی دەوروبەر، گرفتی بۆ دروستدەبێت و چیدی کەسە تووشبووەکە کەسانی چواردەوری بە رووخسارە راستەقینەکەیان نابینێت.

ئەو کەسانەی تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن، رووخساری خەڵک بە شێوازێکی سەیر دەبینن بە جۆرێک، رووخسارەکان درێژدەبن، دەئاوسێن، رەنگیان تێکدەچێت و بە گشتی لە دێوەزمە دەچن، وەکو وایە کەسە تووشبووەکان لە فیلمی ترسناکدا بژین.

ئەم گۆڕانکارییە لە شێوازی بینینی ئەم کەسانەدا، لە تووشبوویەکەوە بۆ یەکێکی دیکە دەگۆڕێت، هەندێکات دەکرێت تەنیا لایەکی رووخساری خەڵک بەم جۆرە ببینن یان بە پێچەوانەشەوە دەکرێت هەموو رووخساری کەسانی دەوروبەر بە شێواوی ببینن تەنانەت لەوانەیە نەشیانناسنەوە.

پرۆسۆپۆمێتامۆرفۆپسیا جیاوازە لە پرۆسۆپاگنۆسیا کە حاڵەتێکە تێیدا تووشبووان کەسەکانی چواردەوریان ناناسنەوە بەڵام رووخسارەکان لە پێش چاویان ناشێوێت.

پرۆسۆپۆمێتامۆرفۆپسیا تاوەکو ئێستا هیچ چارەسەرێکی بۆ نەدۆزراوەتەوە، بەڵام دەکرێت لە ڕێگەی بەکارهێنانی دەرمان و راوێژکاری دەروونییەوە، نیشانەکانی حاڵەتەکە کەمبکرێنەوە.

تاوەکو ئێستا هۆکارەکانی تووشبوون بەم حاڵەتە نەزانراوە، بەڵام پسپۆڕان دەڵێن دەکرێت هۆکارەکان شەقیقە، گرێ، جەڵتەی مێشک، هەوکردن و گەشکە بن.

ئەم نەخۆشییە بە نەخۆشییەکی دەگمەن دادەنرێت و لە سەرانسەری جیهاندا تەنیا 81 کەس بەم نەخۆشییە دەستنیشانکراون، بەڵام دەکرێت ژمارەی تووشبووان زیاتربێت و بەهۆی دەگمەنیی حاڵەتەکەوە، بە هەڵە دەستنیشانکرابن یان تووشبووەکان خۆیان حاڵەتەکانیان پشتگوێخستبێت