لە بەغداد و ژمارەیەک پارێزگاى عێراق بەهۆى مەترسى لافاو سبەینێ کرایە پشوو

نەخشەى عێراق

لە بەغداد و ژمارەیەک پارێزگاى ترى ناوەڕاست و باشووری عێراق بەهۆى بارانبارینی زۆر و مەترسى دروستبوونى لافاو سبەینێ دووشەممە کرایە پشووى فەرمى.

پارێزگارى بەغداد رایگەیاند، سبەینێ لە پارێزگاى بەغداد بەهۆى پێشبینیکردنى بارانبارینى زۆر و دروستبوونى لافاو دەوامى فەرمى رادەگیرێت.

لە پارێزگاکانى موسەننا و واست و سەڵاحەدین و دیالەش بڕیاردرا بەهۆى بارانبارین و مەترسى دروستبوونى لافاو سبەینێ دەوامى قوتابخانەکان رابگیرێت.

دەستەى کەشناسى عێراق و کەشناسى هەرێمى کوردستان پێشبینیان کردووە لە ئەمشەوەوە تا سبەینێ دووشەممە لەماوەیەکى کەمدا بڕێکى زۆر باران ببارێت.

دیلان رەشاد گوتەبێژى وەزارەتى گواستنەوە و گەیاندنى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، پێشبینى دەکرێت لەماوەى ئەم شەپۆلە کورتخایەنەدا لەگەرمیان و هەڵەبجە و هەندێک ناوچەى سلێمانى زیاتر لە 60 ملیمەتر باران ببارێت.