د. تارا بابان: نەخۆشیی گەنم هۆکارێکی کەمیی کێش و باڵای منداڵە!

د. تارا بابان، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکان و گەشەی منداڵان. فۆتۆ: دانا عەبدولکەریم

کەناڵ8- سلێمانی

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکان و گەشەی منداڵان دەڵێت یەکێک لە هۆکارەکانی کەمیی کێش و باڵا و نەمانی ئارەزووی خواردنی منداڵ، هەبوونی نەخۆشیی گەنمە!

د. تارا بابان، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکان و گەشەی منداڵان، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵ8 دەڵێت "نەخۆشیی گەنم (سیلیاک) دەبێتەهۆی نەمانی ئارەزووی خواردن، سکئێشە، قەبزی یان سکچوون، کەمخوێنیی درێژخایەن، لاوازیی گەشە، کەمیی کێش و باڵا و بێهێزی". رێنمایی دایکوباوکان دەکات هەرکات هەستیان بەم نیشانانە یان بەشێک لەم نیشانانە کرد منداڵەکەیان پیشانی پزیشکی پسپۆڕی منداڵان بدەن و مەرج نییە هەموو نیشانەکان لە منداڵەکەدا هەبن.

وەکوو پزیشکە پسپۆڕەکە دەڵێت نەخۆشیی گەنم لە هەموو تەمەنەکاندا هەیە و زۆربەی کات لە منداڵاندا دەستنیشاندەکرێت و هۆکارەکەی رووندەکاتەوە "هۆکارەکە هەستەوەرییە بە پرۆتینی گلوتین کە لە گەنم و جۆ و بەشێکی دانەوێڵەکاندا هەیە، بۆیە دەبێت ئەم خۆراکانە لە پێکهاتەی ژەمەکانی کەسانی تووشبوودا نەبن".

د. تارا بابان دەڵێت لە بەشێک لە تووشبوواندا پێویستدەکات هەناوبینی (نازوور) بکرێت بۆ دڵنیابوونەوە لە هەبوونی نەخۆشییەک.