لە هێرشەکەی نزیک فڕۆکەخانەی حەلەب 36 کەس کوژران

بۆردوومانێکی پێشووی سەر دیمەشق فۆتۆ: گووگڵ

روانگەی سووریی بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت: "لە هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، فڕۆکەکانی ئیسرائیل، کە کۆگای چەک و تەقەمەنییان لە نزیک فڕۆکەخانەی حەلەب کردبووە ئامانج، 36 کەس کوژراون".

بەربەیانی رۆژی هەینی 29ی ئازار "دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز، لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەلەب لە دیمەشقی پایتەختی بیستراوە".

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ "ئاماژەی بەوەداوە کە بەرگرییە ئاسمانییەکانی سووریا هەوڵی بەرپەرچدانەوەی هێرشی ئاسمانیی سەرچاوە نادیاری داوەتەوە".

چەند شایەتحاڵێک لە ناوچەکە رایانگەیاندووە "بۆردوومانەکە لە باشوورەوە بووە و ناوچەکانی ئەلسەفیرە و خەناسر بەئامانج گیراوە".

شایەتحاڵەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە "ئەو ناوچانە بارەگای هێزی ئێرانی لێیە کە دەکەوێتە ریفی حەلەب".

ناوە ناوە هێزی ئاسمانیی سوپای ئیسرائیل هێرشدەکاتە سەر دیمەشقی پایتەختی سووریا و دەڵێت بەرژەوەندیی ئێرانی لەو شوێنانە هەن.

لە دوای ئەو هێرشەی حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە بۆ سەر شارۆچکەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە دەستیپێکرد، تەلئەبیبیش هێرشەکانی بۆ سەر ئامانجەکانی سەر بە گرووپەکانی سەر بە ئێران لە سووریا پەرەپێداوە.