ئەمریکا و بەریتانیا لێکتێگەیشتنیان لەبارەی ژیریی دەستکرد واژۆکرد

ئەمریکا و بەریتانیا لێکتێگەیشتنێکی نوێیان لەبارەی زانستی بەکارهێنانی سەلامەتی ژیریی دەستکرد واژۆکرد، لە کاتێکدا نیگەرانییەکانی لە نەوەی داهاتووی تەکنەلۆجیاکە زیاتر دەبێت.

دووشەممە، یەکی نیسانی 2024، جینا رایمۆندۆ، وەزیری بازرگانی ئەمریکا و میشێل دۆنلان، وەزیری تەکنەلۆجیای بەریتانیا، یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان لە واشنتۆن واژۆکرد، بۆ پەرەپێدانی تاقیکردنەوەی پێشکەوتووی ژیریی دەستکرد.

وەزیری بازرگانی ئەمریکا گوتی ؛"ئەم هاوبەشییە دەبێتە هۆی خێراکردنی کارکردنی هەردوولا لە هەموو بوارێکدا بۆ چارەسەرکردنی مەترسییەکان بۆسەر ئاسایشی نیشتمانی و نیگەرانییەکانی کۆمەڵگە".

لە لێکتێگەیشتنەکەدا هاتووە، بەریتانیا و ئەمریکا، پەیمانگای بەکارهێنانی سەلامەتی ژیریی دەستکرد بە رابەڕایەتی حکومەت دادەمەزرێنن.

بەگوێرەی لێکتێگەیشتنەکە بەریتانیا و ئەمریکا پلانیان هەیە لانیکەم یەک تاقیکردنەوەی هاوبەش ئەنجامبدەن لەسەر مۆدێلێک کە بۆ بەکارهێنانی گشتی بەردەست بێت، هاوکات بیر لە ئاڵوگۆڕکردنی کارمەندان دەکەنەوە لە نێوان ئەو پەیمانگایانەی بۆ ئەم مەبەستە دایدەمەزرێنن هەروەها هەردوولا کاردەکەن بۆ ئەنجامدانی لێکتێگەیشتنی هاوشێوە لەگەڵ وڵاتانی دیکە، بۆ بەرەوپێشبردنی سەلامەتی ژیریی دەستکرد.