راگەیەندراوێكی بەپەلە لە مەكتەبی سیاسیی یەكێتییەوە لەبارەی هەڵبژاردن

بەسەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی کۆتایهات و راگەیەندراوێكی لەبارەی هەڵبژاردن بڵاوكردەوە و رایگەیاند "جەخت لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی یەكێتی دەكەینەوە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە وادەی دیارییكراوی خۆیدا".

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوە كراوە "لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی دوا ئامادەکارییەکان و بەرنامەی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتیی كرا و هەڤاڵان بە تێکرا لەگەڵ پابەندێتیی هەموو لایەک بوون بەو وادەیەی کە لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە بڕیاری لێدراوە و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش ئامادەکاری پێویستی بۆ کردووە".

راگەیەندراوەكە جەختدەكاتەوە "کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی لە سۆنگەی پەرۆشی بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و ئەزموونی دیموکراتی کوردستان کە خەونی لە مێژینەی گەلەکەمانە و خەباتێکی بێوچانی بۆ کراوە، هەروا جەختی لەسەر بەرێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دیموکرات کردەوە کە پابەندبوون بە وادە راگەیاندراوەکانی هەڵبژاردنیش بەشێکە لە ئاماژە جەوهەرییەکانی پاک و بێگەردی پرۆسەکە".

ئاماژە بەوەش كراوە "کۆبوونەوە دووپاتیشی کردەوە نوێکردنەوەی دامەزراوە دەستورییەکانی وەک پەرلەمان و حکومەتی هەرێم هەر لە رێی دەنگدانی گشتییەوە دەبێت و رەوایی نوێنەرایەتی گەلەکەشمان بۆ داکۆکی ماف و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانیش هەر بەو شێوەیە دابین دەبێت".

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە "مەکتەبی سیاسی هەڵوێستی روون و ئاشکرای یەکێتیی تەئکید کردەوە کە ئەمرۆ داخوازی هاوڵاتیان بۆ مووچەو بوجەی ئاوەدانی و بوژاندنەوە تەنها و تەنها لە رێی پەرلەمان و حکومەتێکی نوێوە دەکرێت کە پشت بەستوو بە بڕیاری خەڵکی کوردستان دەتوانێت پێداگری لەسەر مافە دەستورییەکانی کوردستان و شایستە داراییەکانی گەلەکەمان بکات و لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی دانوستاندێکی دادپەروەرانە و ئازایانەی لەسەر بکات".

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، رۆژی 10ی حوزەیرانی 2024، وەک رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە.

سەرەتای ئەم مانگە كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كۆتایهێنا بە وادەی پێشکەشکردنی لیستی ناوی بەربژێرەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان لیستی بەربژێرەکانی پێشكەشی كۆمیسیۆن نەكرد و هێشتا بڕیاری بەشداریكردنی لە هەڵبژاردنەكاندا نەداوە.

رۆژی 21ی شوباتی رابردوو، دادگاى فیدراڵى بڕیارى لەسەر یاساى هەموارکراوى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستاندا و هەموارى یاساکەى رەتکردەوە و کۆمسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسیى هەرێمى کوردستانى هەڵوەشاندەوە.

لەدانیشتنەکەدا جاسم محەمەد عەبود، سەرۆکى دادگاى فیدراڵى عێراق "یاساى هەموارى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسى هەرێمى کوردستانى هەڵوەشاندەوە و هەڵبژاردنى بەسەر چوار بازنەدا دابەشکرد".

هەروەها دادگاى فیدراڵى ناوهێنانى 11 کورسی بۆ پێکهاتەکان بەنایاسایى لەقەڵەمدا و رایگەیاند "کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق لەشوێنى کۆمیسیۆنى هەرێمى کوردستان هەڵبژاردن ئەنجامدەدات".