ئەندامی فانتۆمی چییە؟

کاتێک کەسێک ئەندامێکی لەدەستدەدات و دوای لەدەستدانی هێشتا هەست بە بوونی ئەندامەکە دەکات، جا ئەندامەکە قاچ، دەست، چاو، مەمک، ددان یان هەر ئەندامێکی دیکەبێت، ئەوا پێی دەگووترێت ئەندامی فانتۆمی.

بە گوێرەی توێژینەوەکان، 90% بۆ 98% ی ئەو کەسانەی ئەندامێکیان دەبڕرێت یان لە رووداوێکدا لەدەستیدەدەن، بۆ ماوەیەک دوای لەدەستدانی ئەندامەکەیان، هێشتا هەست بە ئەندامەکە دەکەن، تەنانەت ئەو کەسانەشی کە لە کاتی لەدایکبوونەوە ئەندامێکیان نەبووە، دەکرێت هێشتا هەست بە هەبوونی ئەو ئەندامە بکەن.
ئەم دیاردەیە دەکرێت هۆکارەکەی چەند گۆڕانکارییەک بێت کە بەسەر مێشکدا دێت، یان زۆرجار مێشک هێشتا ئاماژەی لەو دەمارانەوە پێدەگات کە پێشتر لەو ئەندامەوە بۆی هاتوون.
هەروەها دەکرێت هۆکارەکە بە هەڵە رێکخستنەوەی زانیارییە هەستەوەرییەکانی مێشک بێت دوای ئەو گۆڕانکارییە گەورەیەی لە جەستەی کەسێکدا بەهۆی لەدەستدانی ئەندامێکەوە روودەدات.

لە بەشێکی زۆری ئەم کەسانەدا، ئەم هەستکردنە بە ئەندامێک کە چیدی بوونی نییە، دوای لەدەستدانی ئەندامەکە، بۆ ماوەی چەند رۆژێک یان چەند هەفتەیەک دەمێنێتەوە.
ئەو کەسانەشی کە هەست بە ئازاری ئەندامە لەدەستچووەکە دەکەن، لەوانەیە بۆ ماوەی چەند ساڵێک هەست بە ئەم ئازارە بکەن.

نیشانەکانی ئەندامی فانتۆمی:

ئەو کەسانەی تووشی ئەم حاڵەتە دەبن، هەستدەکەن هێشتا ئەندامەکەیان ماوە و لەدەستیاننەداوە، تەنانەت وادەزانن کە هێشتا دەتوانن وەکو پیشتر کاریپێبکەن و بەکاریبهێنن. هاوکات لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا، چارەخوازەکان چەندین هەستی جیاوازیان لە شوێنی ئەندامەلەدەستچووەکە بۆ دروستدەبێت وەکو:

  • هەستکردن بە ختوکە
  • هەستدەکەن ماسولکەی ئەندامە لەدەستچووەکە گرژدەبێت
  • ئازارێکی زۆر تیژ
  • سەرما
  • گەرمی
  • توندبوونی ئەندامەکە
  • خوران

ئەم نیشانە و هەستە جیاوازانە، لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازن، هەندێکەس لەوانەیە زۆر بەکەمی هەست بەم نیشانانە بکەن، بەڵام بەشێکی دیکە لەو کەسانە زۆر بەتوندی تووشی ئەم نیشانانە دەبن و لەوانەیە گرفت بۆ کاری رۆژانەیان دروستبکات.
ئەم چارەخوازانە بەگشتی هەستدەکەن ئەو ئەندامەی لەدەستیان داوە، هێشتا ماوە بەڵام کورتترە لە ئەندامەکەی دیکە؛ بۆنموونە لەوانەیە کەسێک واهەست بکات قۆڵی چەپی کورتترە بەراورد بە قۆڵی راستی، لە کاتێکدا قۆڵی چەپی لەدەستداوە
ئەمەش لەوانەیە هۆکارەکەی ئەوەبێت کە پێشتر ئەندامەکە بەراستی کورتتر بووە و دواتر کە لەدەستی دەدات هێشتا هەست بە کورتیی قۆڵە لەدەستچووەکە دەکات.

هەندێجار کەسەکە هەستدەکات لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا، قۆڵە لەدەستچووەکەی کورتردەبێتەوە تاوەکو بەتەواوی هەست بە لەدەستدانی قۆڵی دەکات، ئەمەش هۆکارەکەی تێکچوونی ئاماژە هەستەوەرییەکانی مێشکە، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، مێشک فێردەبێت چیدی ئەو ئاماژە هەستەوەرییانە وەرنەگرێت کە وادەکەن کەسەکە هەست بە هەبوونی ئەندامە لەدەستچووەکەی بکات، ئەمەش وردەوردە هەست و ئازار لەو ئەندامە لەدەستچووەدا ناهێڵێت.

هۆکارەکان:

ئەو هۆکارانەی وا دەکەن کەسێك دوای لەدەستدانی ئەندامێک هێشتا هەستی پێبکات، دەکرێت ئەمانە بن:

  1. ئازار و هەوکردنی ئەندامەکە پێش بڕینەوە و لەدەستدانی
  2. هەبوونی کڵۆی خوێن لە ئەندامەکەدا
  3. لەدەستدانی ئەندامەکە بەهۆی رووداوێکەوە
  4. جۆری ئەو بەنجەی لە کاتی بڕینەوەی ئەندامەکەدا بەکارهاتووە

ئەم دیاردەیە زیاتر لە کەسانی پێگەیشتوودا باوە بەراورد بە منداڵان، ئەمەش هۆکارەکەی ئەوەیە کە مێشکی منداڵ وەکو کەسانی پێگەیشتوو، وێنای ئەندامەکانی دەرەوەی جەستە ناکات.