پەنکریاسی دەستکرد چۆن کاردەکات؟

بۆ ئەوەی گرنگی و سوودەکانی پەنکریاسێکی دەستکرد تێبگەین، گرنگە سەرەتا بزانین پەنکریاس خودی خۆی چییە و لە جەستەدا رۆڵی چییە.

پەنکریاس چییە؟

پەنکریاس ئەندامێکە کە لە جەستەدا چەند هۆرمۆنێکی گرنگی وەکو ئنسۆلین و گلوکاگۆن دەردەدات، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین ئەنزیمی گرنگ دەردەدات کە لە پرۆسەی هەرسکردندا رۆڵی گرنگیان هەیە.
هۆرمۆنی ئنسۆلین یارمەتیی خانەکانی جەستە دەدات شەکر لە خوێنەوە وەربگرن بۆئەوەی وزەیان دەستبکەوێت، ئەمەش وادەکات رێژەی شەکر لە خوێندا نزمببێتەوە.
هاوکات گلوکاگۆن وادەکات شەکری خەزنکراو لە جگەرەوە بچێتە ناو خوێنەوە، بەمەش ڕێژەی شەکر لە خوێندا زیاددەکات.
واتە پەنکریاس لە رێگەی ئەم دوو هۆرمۆنەوە کۆنترۆڵی رێژەی شەکری خوێن دەکات.

لە تووشبووانی نەخۆشیی شەکرەی جۆری یەکدا، پەنکریاس بڕێکی زۆر کەم لە ئنسۆلین دەردەدات یان بە هیچ جۆرێک دەرینادات و ڕێژەی شەکری خوێن بەرزدەبێتەوە.
لە تووشبووانی نەخۆشیی شەکرەی جۆری دوودا، پەنکریاس بەگوێرەی پێویست هۆرمۆنی ئنسۆلین دەرنادات، یان جەستەی کەسەکە بەرگری بۆ هۆرمۆنەکە دروستدەکات، واتە بڕی پێویست لە هۆرمۆنەکە دەردەدرێت بەڵام چیدی جەستە هیچ وەڵامدانەوەیەکی بۆ هۆرمۆنەکە نابێت و کاریگەر نابێت، بەمەش رێژەی شەکر لە خوێندا تێکدەچێت و بەرزدەبێتەوە.

ئەو کەسانەی شەکرەی جۆری یەکیان هەیە و بەشێک لەوانەشی شەکرەی جۆری دوویان هەیە، لە رێگەی دەرزییەوە هۆرمۆنی ئنسۆلین وەردەگرن، هەندێجار هۆرمۆنی گلوکاگۆنیش وەردەگرن بۆ ئەوەی بتوانن رێژەی شەکری خوێنیان رێکبخەنەوە.
رێکخستنەوەی رێژەی شەکری خوێن گرنگە بۆ ئەو کەسانەی کە تووشبووی نەخۆشیی شەکرەن، چونکە بەرزیی رێژەی شەکری خوێن بە شێوازێکی بەردەوام، لە داهاتوودا دەکرێت تووشی لێکەوتەی مەترسیداریان بکات، وەکو کوێربوون، پەککەوتنی گورچیلەکان و نەخۆشییەکانی بۆرییەکانی خوێن و دڵ.

بۆئەوەی تووشبوویەکی نەخۆشیی شەکرە، شەکرەکەی کۆنترۆڵ بکات، پێویستە رۆژانە چەند جارێک پێوانەی شەکری خوێنی بکات، کاتێک رێژەی شەکری خوێنی زۆر بەرزدەبێتەوە، ئاگای لە بڕی ئەو ئنسۆلینە بێت کە بە دەرزی لەخۆی دەدات.
هەروەها لە کاتی نزمبوونەوەی رێژەی شەکری خوێنیدا، پێویستە گلوکاگۆن لە خۆیبدات.

سیستمی پەنکریاسی دەستکرد چییە؟

سیستمی پەنریاسی دەستکرد، چەند ئامێرێکن کە پێکەوە لە رێکخستنەوەی رێژەی شەکری خوێندا، لاسایی پەنکریاسێکی راستی دەکەنەوە.

ئەم سیستمە لە سێ ئامێری سەرەکی پێکدێت؛

  1. سیستمی چاودێریی بەردەوامی گلوکۆز
  2. دەردەری ئینسۆلین
  3. ئامێری پێوانەی شەکری خوێن
  4. ئەلگۆریتمێکی کۆنترۆڵکراوی کۆمپیوتەر، سیستمی چاودێریی بەردەوامی گلوکۆز(شەکر) و دەردەری ئنسۆلین بەیەکەوە دەبەستێتەوە بۆ ئەوەی بە بەردەوامی پەیوەندی لەنێوان ئەم دوو ئامێرەدا هەبێت.

سیستمی پەنکریاسی دەستکرد بەتەنیا چاودێریی رێژەی شەکری خوێن ناکات، بەڵکو لە کاتی بەرزبوونەوەی رێژەی شەکری خوێندا، بە ئۆتۆماتیکی و بە بڕێکی دیاریکراو ئینسۆلین دەردەداتە جەستەی چارەخوازەکەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ناهێڵێت چارەخوازەکە رێژەی شەکری خوێنی بە شێوەیەکی مەترسیدار داببەزێت.

چۆن ئامێرەکانی سیستمی پەنکریاسی دەستکرد پێکەوە کاردەکان؟

  1. سیستمی چاودێریی بەردەوامی گلوکۆز: ئەم ئامێرە چاودێریی رێژەی شەکری خوێنی چارەخوازەکە دەکات، بە جۆرێک لەژێر پێستی چارەخوازەکەدا هەستەوەرێکی ئەلیکترۆنی دادەنرێت بۆ ئەوەی هەست بە رێژەی شەکری شلەی دەوروبەری خانەکان بکات، بەمەش رێژەی شەکری خوێن دیاریدەکات و زانیارییەکان لە رێگەی نێرەرێکی ئەلیکترۆنییەوە دەنێرێت بۆ وەرگرێک. بەگشتی ئەم سیستمە پێشبینیی رێژەی شەکری خوێن و شێواز و خێرایی گۆڕانی رێژەی شەکری خوێن پێوانەدەکات.
    ئامێری پێوانەی شەکری خوێن: ئێستا بۆ ئەوەی پێشبینییەکی وردتر و راستتری رێژەی شەکری خوێن و گۆڕانکارییەکانی تۆماربکرێت، پێویستە لەگەڵ سیستمی چاودێریی بەردەوامی گلوکۆزدا، ماوەماوە ئامێری پێوانەی شەکری خوێن بەکاربهێنرێت. هەرچەندە ئێستا زۆر گرنگە کە هێشتا ئەم ئامێرە بەکاربهێنرێت بۆ کارکردنی باشتری پەنکریاسە دەستکردەکە، بەڵام وا پێشبینیدەکرێت کە لە داهاتوودا لەگەڵ پێشکەوتنی زیاتری پەنکریاسە دەستکردەکەدا، پێویست بە پێوانەکردنی شەکری خوێن نەکات بە بەکارهێنانی ئەم ئامێرە، لە لایەن چارەخوازەکەوە.
  2.  پێوانەکاری ئەلیکترۆنی: پڕۆگرامێکی ئەلیکترۆنییە، کە لە سیستمی چاودێرییەکەوە زانیارییەکان وەردەگرێت و کۆمەڵێک هەنگاوی بیرکارییانەیان لەسەر جێبەجێدەکات، لەسەر بنەمای ئەم هەنگاوانە، لە رێگەی کۆنترۆڵێکەوە، بەرچاوڕوونی دەداتە دەردەری ئینسۆلینەکە بۆ دەردانی بڕی پێویستی ئنسۆلین.
    دەکرێت پڕۆگرامەکە لەسەر مۆبایلێک، کۆمپیوتەرێک یان هەر ئامێرێکی دیکەی ئەلیکترۆنی بێت.
  3. دەردەری ئینسۆلین: بە پشتبەستن بە ئەو زانیارییانەی لەسەر کۆنترۆڵەکەیە، دەردەری ئنسۆلینەکە، بڕێکی دیاریکراو لە ئنسۆلین دەردەداتە ناو شانەکانی ژێر پێست و رێژەی شەکری خوێن نزمدەکاتەوە.