گرژبوونی ماسولکەکان چییە؟

گرژبوونی ماسولکەکان یان تەشەنوجی ماسولکەکان، حاڵەتێکی بە ئازارە کە هۆکارەکەی گرژبوون و توندبوونی ماسولکەکانە و حاڵەتێکی باو، پێشبینینەکراو و خۆنەویستە.

ئەم حاڵەتە بەهۆی گرژبوونی خۆنەویستانەی ماسولکەکانەوە دروستدەبێت، تێیدا ماسولکەکان ناتوانن خاو ببنەوە و ئەمەش دەبێتەهۆی دروستبوونی ئازار لەو ماسولکەیەدا.
دەکرێت یەک ماسولکە یان چەند ماسولکەیەک پێکەوە تووشی ئەم حاڵەتە ببن و دەکرێت لە هەر شوێنێکی جەستەدا رووبدات وەکو پشت، قۆڵ، قاچەکان، مل، سنگ و سک.

ئەو کەسانە کێن کە تووشی ئەم حاڵەتە دەبن؟

گرژبوونی ماسولکەکان دەکرێت لە هەر کەسێک و هەر کاتیکدا بێت رووبدات. دەکرێت لە کاتی رێکردن، دانیشتن، وەرزشکردن و خەوتنیشدا رووبدات.
هەروەها هەندێک کەس زیاتر ئەگەری تووشبوونیان بەم حاڵەتە هەیە وەکو

  1. کەسانی وەرزشوان
  2. منداڵی ساوا
  3. خانمانی دووگیان
  4. ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەرووی 65 ساڵەوەیە
  5. کەسانی قەڵەو

ئایا گرژبوونی ماسولکەکان حاڵەتێکی مەترسیدارە؟

لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا، گرژبوونی ماسولکەکان مەترسیدار نییە، بەڵام هەندێجار لەوانەیە هۆکاری گرژبوون و ئازاری ماسولکەکان گرفتێکی دەماری بێت، بۆنموونە ئەگەر کەسێک گرفتێکی دیاریکراوی دەماری هەبێت، ئەوا مێشک کاریگەردەبێت و یارمەتیی ماسولکەکان دەدات بجووڵێن، ئەم جووڵە خۆنەویستانەی ماسولکەکانیش دەکرێت ببێتەهۆی گرژبوونی ماسولکەکان.

ئەگەر کەسێک بۆ ماوەیەکی درێژ تووشی ئەم حاڵەتەبووبێت و لەگەڵیشیدا ئازاری هەبێت و هەست بە بێهێزی بکات، پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە لە هۆکاری گرژبوونەکە، و لە ئەگەری هەبوونی هەر گرفتێکی دەماریدا، بە زووترین کات دەستیشانبکرێت.

نیشانەکانی گرژبوونی ماسولکەکان چیین؟

ئەم حاڵەتە توندیی جیاوازی هەیە، واتە لەوانەیە کەسێک زۆر بەسادەیی تووشی ببێت و کەسێکی دیکەش زۆر بەتوندی تووشببێت. لە حاڵەتە سادەکاندا لەوانەیە کەسەکە وا هەستبکات کە ماسولکەکانی لەخۆیانەوە بازدەدەن یان لەوانەیە لە ماسولکەکانیدا هەست بە مووچورک بکات. ئەگەر لەگەڵ گرژبوونەکەدا کەسەکە تووشی ئازاری ماسولکەکانیش ببێت، ئەوا لەوانەیە بۆ ماوەی یەک بۆ دوو رۆژ کەسەکە ناڕەحەت بکات.

ئەگەر گرژبوونی ماسولکەکان هۆکارەکەی گرفتێکی دەماریبێت، دەکرێت کەسەکە ئەم نیشانانەی تێدا دەربکەوێت:

  1. ئازاری ماسولکە
  2. بێهێزبوونی ماسولکەکان
  3. ئیفلیجبوون
  4. نەجووڵانی ماسولکەکان بە خواستی کەسەکە
  5. ئاستەنگی لە کاتی خەوتندا
  6. گرفتی بینین
  7. سڕبوون

هۆکارەکانی تووشبوون بەم حاڵەتە چیین؟

پسپۆڕان تاوەکو ئێستا دڵنیانین لەوەی بۆچی هەندێکەس زیاتر لە کەسانی دیکە تووشی گرژبوونی ماسولکەکان دەبن، بەڵام وای بۆ دەچن کە هەریەکە لەم خالانەی خوارەوە هۆکاربن بۆ ئەم گرفتە:

  1. کاتێک کەسەکە بەگوێرەی پێویست سترێچ بە ماسولکەکانی ناکات
  2. شەکەتبوونی ماسولکەکان
  3. وەرزشکردن لە کەشێکی زۆر گەرمدا
  4. وشکبوونەوە
  5. ناهاوسەنگی لە کانزاکانی جەستە، وەکو سۆدیۆم، پۆتاسیۆم، مەگنیسیۆم و کالسیۆم
  6. گووشاری دەروونی
  7. ئەنجامدانی وەرزشی قورس و توند
  8. کاتێک پەستان دەکەوێتە سەر دەمارێک لە ماسولکەیەکدا، کەسەکە تووشی گرژبوون، ئازار و سڕبوونی ئەو ماسولکەیە دەبێت
  9. کەمخەوی
  10. دڵەڕاوکێ
  11. وازهێنان لە خواردنەوەی کافایین

هۆکارەکانی ئازاری ماسولکەکانی قاچ لە شەواندا دەکرێت ئەمانەبن:

  1. دانیشتن بۆ ماوەیەکی زۆر درێژ
  2. بەکارهێنانی زیاد لە پێویستی ماسولکەکان
  3. دانیشتن بە شێوازێکی نەگونجاو

رێگەکانی چارەسەرکردن:

هیچ جۆرە حەب و دەرزییەک بوونی نییە بۆ چارەسەرکردنی راستەوخۆی حاڵەتەکە، بەڵام چەند رێگەیەکی سادە دەکرێت یارمەتیی کەمکردنەوە و نەمانی گرژبوونەکە بدەن:

  1. سترێچکردنی ماسولکەکە
  2. مەساجپێکردن و شێلانی ماسولکەکە بە دەست
  3. پیاسەکردن
  4. دانانی شتێکی گەرم یان سارد لەسەر ماسولکەکە
  5. ئەگەر کەسەکە ئازاری هەبوو، دەتوانێت ئازارشکێنی ئیبۆپرۆفین یان ئەسیتامینۆفین بەکاربهێنێت
  6. ئەگەر کەسەکە زووزوو تووشی گرژبوونی ماسولکەکان ببێت، پزیشکی پسپۆڕ لەوانەیە چەند دەرمانێکی خاوکەرەوەی ماسولکەکانی بۆ بەکاربهێنێت بۆ باشترکردنی حاڵەتەکە، بەڵام ئەم دەرمانانە لەوانەیە ببنەهۆی دڵتێکەڵهاتن و گێژبوونی کەسەکە، هەربۆیە نابێت ئەم دەرمانانە وەکو چارەسەرێکی درێژخایەن بەکاربهێنرێن و پێویستە پزیشکەکە رێگەی دیکە بەکاربهێنێت بۆ ئەم چارەخوازانە.

رێگەکانی خۆپاراستن:

گرژبوونی ماسولکەکان حاڵەتێکی پێشبینینەکراوە، هەربۆیە ئاسان نییە رێگریلێبکرێت. هەندێک هۆکاری زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بەم حاڵەتە وەکو بەتەمەنداچوون، ناتوانرێت رێگرییانلێبکرێت، بەڵام هەندێک هۆکاری دیکە هەن کە دەکرێت رێگرییان لێبکرێت و مەترسیی تووشبوون کەمببێتەوە وەکو:

  1. زووزوو سترێچکردنی ماسولکەکان
  2. وەرزشکردن
  3. خواردنەوەی بڕێکی زۆر لە ئاو
  4. وەرزشنەکردن لە کەشی زۆر گەرمدا
  5. لەپێکردنی ئەو پێڵاوانەی کە بەتەواوی لەگەڵ قەبارەی پێیەکاندا دەگونجێن
  6. هێشتنەوەی کێشێکی تەندروست و دووربوون لە قەڵەوی
  7. دوورکەوتنەوە لەو دەرمانانەی کە بەکارهێنەر تووشی گرژبوونی ماسولکەکان دەکەن
  8. نابێت لە کاتی خەوتندا بەتانی و سەرچەفەکە لە پێیەکان توندبکرێن

لەم حاڵەتانەدا چارەخواز پێویستە بە زووترین کات سەردانی پزیشک بکات:

  1. ئەگەر گرژبوونەکە ئازارێکی توندی دروستکرد
  2. ئەگەر گرژبوونەکە بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوامبوو
  3. ئاوسان و سڕبوونی قاچ
  4. گۆڕانکاری لە شێوازی پێستدا
  5. بەئاگاهاتنەوەی چارەخوازەکە لە خەو بەهۆی ئازاری توندی قاچییەوە
  6. هەبوونی ئازار لە هەموو ماسولکەکانی جەستەدا
  7. ئەو گرژبوونانەی لەدوای دەستلێدانی شتیکی ژەهراوییەوە دروستدەبێت

کەمیی چ بەهایەکی خۆراکی دەکرێت ببێتەهۆی گرژبوونی ماسولکەکان؟

  1. کالسیۆم
  2. پۆتاسیۆم
  3. مەگنیسیۆم
  4. ڤیتامین دی