هۆکارەکانی هەڵوەرینی قژ لە هەندێک کەسدا چیین؟

هەڵوەرینی قژ حاڵەتێکە دەکرێت تەنیا تووشی سەری کەسی تووشبوو ببێت، یان مووەکانی هەموو جەستەی هەڵبوەرێت. هۆکارەکانی ئەم هەڵوەرینە دەکرێت بۆماوە، گۆڕانی هۆرمۆن، بەساڵاچوون و چەندین نەخۆشیی بن.
هەموو کەسێک مەترسیی تووشبوونی بە ئەم حاڵەتە هەیە، بەڵام بە گشتی لە پیاواندا باوترە.
کەچەڵی بریتییە لە لەدەستدانی بەشێکی زۆری قژ، هۆکارە بۆماوەییەکان، باوترین هۆکارن بۆ کەچەڵبوون. بە گوێرەی هۆکارەکەی، هەڵوەرینی قژ دەکرێت بە شێوازی جیاواز لە کەسەکاندا دەربکەوێت بە جۆرێک هەندێجار زۆر بە خێرایی کەسەکە بەشێکی زۆری قژی هەڵدەوەرێت. لە هەندێک کەسی دیکەشدا، لەوانەیە بە هێواشی و لە ماوەیەکی درێژدا کەسەکە قژی هەڵبوەرێت.

نیشانەکانی هەڵوەرینی قژ:

  1. تەنکبوونی قژ بە هێواشی: ئەم جۆرەی هەڵوەرینی قژ باوترینە و هۆکارەکەی زیاتر بەتەمەنداچوونە. ئەم جۆرە لە پیاواندا باوترە و وردەوردە کەسەکە لە ناوچاوانییەوە قژی کەمدەبێتەوە.
  2. پەڵە هەڵوەرینی قژ: هەندێجار کەسەکە پێشئەوەی قژی دەست بە هەڵوەرین بکات، شوێنی مووەکە دەست بە خوران و ئازار دەکات. لەم جۆرەیاندا کەسەکە لەوانەیە لە قژی، ریشی یان برۆی، بەشێکی مووەکانی لە شێوەی پەڵەدا لەدەستبدات.
  3. تەنکبوونی لەپڕی قژ: کاتێک کەسێک لەپڕ تووشی زەبرێکی دەروونی یان جەستەیی دەبێت، لەوانەیە قژ یان مووەکانی تەنکببێت، بەجۆرێک لە کاتی شانەکردنی قژیدا، بە تۆپەڵ قژی هەڵدەوەرێت. ئەم حاڵەتە بە گشتی کاتییە و دوای ماوەیەک کەسەکە چاکدەبێتەوە.
  4. هەڵوەرینی مووی هەموو جەستە: هەندێک نەخۆشی و جۆری چارەسەر وەکو چارەسەری کیمیایی دەبنەهۆی هەڵوەرینی موو لە هەموو جەستەدا، بەڵام دوای ماوەیەک لە وەستان لەم چارەسەرە، قژی کەسەکە گەشە دەکاتەوە.
  5. بڵاوبوونەوەی پەڵەی کەچەڵی: ئەمە نیشانەی کەڕوویەکە بەناوی رینگوۆرم و دەبێتەهۆی سووربوونەوە، قرتانی مووەکان، ئاوسان و کێم.

هۆکارەکان:

هەموو کەسێک رۆژانە نزیکەی 50-100 مووی هەڵدەوەرێت، بەڵام لەبەرئەوەی لەگەڵ هەڵوەرینی مووەکاندا مووی نوێ دروستدەبنەوە، کەسەکە هەست بە لەدەستدانی مووەکانی ناکات.

لە هەندێک کەسدا، مووی نوێ لە شوێنی مووە هەڵوەریوەکاندا دروستنابنەوە هەربۆیە کەسەکە تووشی رووتانەوەی قژ و کەچەڵبوون دەبێت.

رووتانەوەی قژ زۆرجار هۆکارەکەی یەکێک یان چەند هۆکارێکە لەمانە:

  1. بۆماوە: یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی رووتانەوەی قژ هۆکاری بۆماوەیە، کەسەکە لەوانەیە دایکی یان باوکی ئەم حاڵەتەی هەبووبێت و بۆ نەوەکانیان مابێتەوە
  2. گۆڕانە هۆرمۆنییەکان و چەند گرفتێکی تەندروستی: هەندێک گۆڕانکاری لە هۆرمۆنەکاندا بەتایبەتی لەکاتی دووگیانی، لەسووڕچوون، منداڵبوون و گرفتی غوددە دەکرێت هۆکاربن بۆ هەڵوەرینی قژ بە شێوەیەکی کاتی یان هەمیشەیی. هەندێک گرفتی سیستمی بەرگری و چەند جۆرێکی هەوکردنیش دەبنەهۆی هەڵوەرینی قژ
  3. دەرمان: هەندێک دەرمان هۆکارن بۆ هەڵوەرینی قژ وەکو ئەو دەرمانانەی بۆ خەمۆکی، گرفتەکانی دڵ، هەوکردنی جومگەکان و بەرزەفشاری خوێن بەکاردەهێنرێن.
  4. چارەسەری تیشک
  5. گووشاری دەروونی: هەندێک کەس کاتێک تووشی زەبرێکی توندی دەروونی یان جەستەیی دەبن، بۆ ماوەی چەند مانگێک قژیان تەنکدەبێت، دواتر وردەوردە باشدەبێتەوە.
  6. زیانگەیاندن بە قژ لەکاتی رێکخستنی قژدا چ بە گەرمی بێت یان بە بەکارهێنانی بەرهەمی زیانبەخشبێت، هۆکارن بۆ هەڵوەرینی قژ.

ئەو هۆکارانە چیین کە مەترسیی تووشبوون بە هەڵوەرینی قژ زیاددەکەن؟

  1. مێژووی خێزانی
  2. تەمەن
  3. دابەزینی کێشێکی زۆر لە ماوەیەکی کەمدا
  4. گووشاری دەروونی
  5. کەمیی بەهاخۆراکییەکان