نابێت حەوت نیشانە لە نینۆکەکاندا پشتگوێبخرێن

لەوانەیە پێت سەیربێت کە هەندێک گۆڕانکاری لە شێوازی نینۆکەکاندا، دەکرێت دەرخەری چەندین گرفت و نەخۆشیی جەستەیی بن و بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانەوە لەوانەیە ئەم نەخۆشییانە دەستنیشانبکرێن.

چاڵبوونی نینۆکەکان: هەندێجار لە نینۆکەکاندا چەند چاڵوچۆڵییەک دروستدەبێت. ئەم جۆرە گۆڕانە دەکرێت لە نەخۆشییەکانی بیرۆ(ئێکزیما)، سەدەفی و قژرووتانەوەی دژەخۆییدا دەربکەوێت.

گەورەبوونی سەری پەنجە: لەم جۆرەدا، سەری نینۆکەکان گەورەدەبن و نینۆکەکان هەڵدەئاوسێن و قەوسدەبن.

ئەم جۆرە گۆڕانکارییە لە چەند نەخۆشییەکدا دەردەکەوێت وەکو:

  1. کەمیی ئۆکسجین لە خوێندا
  2. نەخۆشیی سییەکان
  3. گرفتەکانی دڵ
  4. گرفتەکانی هەرس و جگەر
  5. بەمۆمبوونی جگەر

نینۆکی کەوچکی: لەم جۆرەیاندا، نینۆکەکان نەرمدەبن و قەراخی نینۆکەکان هەڵدەگەڕێنەوە.
نینۆکی کەوچکی زیاتر هۆکارەکەی کەمخوێنیە بەهۆی کەمیی ئاسنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت هۆکارەکەی گرفتی جگەربێت.

نینۆکی تێری: لەم حاڵەتەدا، بەشێکی زۆری نینۆکەکان سپی دەبن تەنیا بەشی سەرەوەیان نەبێت کە سوور یان پەمەیی دەبن.
نینۆکی تێری لەوانەیە هۆکارەکەی بەتەمەنداچوونبێت، بەڵام دەشکرێت بەهۆی چەند حاڵەتێکی مەترسیداری وەکو نەخۆشییەکانی جگەر، پەککەوتنی دڵ و نەخۆشیی شەکرەوە دروستببێت.

دروستبوونی خەتی سپی لە نینۆکەکاندا: هەندێجار خەت و دەرزیی سپی لە نینۆکەکاندا دەردەکەون. هۆکارەکەشی وەستانی گەشەی نینۆکەکانە بەشێوەیەکی کاتی بەهۆی زەبر یان چەند نەخۆشییەکەوە.

ئەو نەخۆشی و گرفتانەی دەکرێت هۆکاربن بۆ دروستبوونی ئەم خەتە سپیانە:

  1. هەوکردن
  2. نەخۆشیی شەکرەی کۆنترۆڵنەکراو
  3. ئەو نەخۆشییانەی دەبنەهۆی باریکبوونەوەی بۆریی خوێن لە پەلەکاندا وەکو نەخۆشیی خوێنبەری پەلەکان
  4. ئەو نەخۆشییانەی تایەکی زۆر دروستدەکەن وەکو سوورەتا، هەوکردنی سییەکان، سوورێژە و ملەخڕێ
  5. کەمیی زینک
  6. هەندێ جۆری دەرمان وەکو رێتینۆید و چارەسەری کیمیایی

جیابوونەوەی نینۆک لە پەنجەکان: هەندێجار نینۆکەکان لە پەنجەکان جیادەبنەوە، رەنگییان سپی، زەرد یان سەوز دەبێت.
هەندێجار هۆکاری ئەم حاڵەتە هەوکردن یان بەرکەوتنی زەبرێکە، بەڵام دەشکرێت هۆکارەکەی وەڵامدانەوەی جەستەبێت بۆ چەند جۆرێکی دەرمان یان بەرهەمی نینۆک.
نەخۆشییەکانی غوددە، سەدەفی و نەخۆشیی پێستێش دەکرێت ئەم گۆڕانکارییە لە نینۆکەکاندا دروستبکەن.

کۆنیشانەی نینۆکی زەرد: لەم کۆنیشانەیەدا نینۆکەکان هێواشتر ئەستوردەبن و گەشەدەکەن، ئەمەش دەبێتەهۆی زەردبوونی نینۆکەکان. هەندێجار لەم حاڵەتەدا، لە چەند شوێنێکی نینۆکەکاندا، نینۆکەکە لە پەنجەکە جیادەبێتەوە. ئەم حاڵەتە دەکرێت بەهۆی نەخۆشیی سییەکانەوە دروستببێت یان بەهۆی ئاوسانی دەستەکان، قاچ و پێیەکانەوە دروستببێت کە لەکاتی کۆبوونەوەی لیمفاوەوە دەبێنرێت.