ئەو رێگەیانەی یارمەتیدەرن لە نەهێشتنی کرێشی قژ چیین؟

کڕێشکردنی سەر حاڵەتێکە تێیدا پێستی سەر هەڵدەوەرێ، ئەم حاڵەتە مەترسیدار یان گوازراوە نییە، بەڵام دەکرێت کەسەکە بێزاربکات و بەئاسانی چارەسەرنەکرێت.

کڕێشکردنی سەر حاڵەتێکی باوە و نزیکەی 50% ی دانیشتووانی جیهان لانیکەم جارێک لە ژیانیاندا تووشی ئەم حاڵەتە دەبن.

هۆکارەکان:

  1. پێستی وشک
  2. بیرۆ (ئێکزیما)ی چەور
  3. هەستیاربوون بە بەرهەمەکانی قژ
  4. گەشەکردنی جۆرێکی کەڕوو بەناوی مالاسیزیا

دەکرێت ئەم رێگەیانە یارمەتیتبدەن لە ماڵەوە چارەسەری کڕێشی سەرت بکەیت:

  1. زەیتی گوێزی هندی: ئەم زەیتە چەندین سوودی هەیە بۆ تەندروستی، یەکێک لەو سوودانە کەمکردنەوەی کڕێشی سەرە.
    لە توێژینەوەیەکدا دەرکەوتووە ئەم زەیتە رێگریی لە وشکبوونی پێستی سەر دەکات، شێداریدەکاتەوە و هەوکردن کەمدەکاتەوە.
    هەروەها لە توێژینەوەیەکی دیکەشدا دەرکەوتووە کە نیشانەکانی جۆرێکی هەوکردنی پێست بە رێژەی 68% کەمدەکاتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا تایبەتمەندیی دژەبەکتریای هەیە.
  2. ئالۆڤێرا: کاتێک رووەکی ئالۆڤێرا بۆ پێست بەکاردەهێنرێت، یارمەتیی چارەسەرکردن و باشترکردنی چەند حاڵەتێکی پێست دەدات، وەکو سووتاوی و سەدەفی.
    لە توێژینەوەیەکدا دەرکەوتووە ئالۆڤێرا چەند تایبەتمەندییەکی تێدایە کە دەکرێت رێگریی لە دروستبوونی کڕێش بکات، لەگەڵ ئەوەشدا رووەکێکی دژەهەوکەرە و رێژەی هەوکردنی پێست کەمدەکاتەوە. هاوکات ئالۆڤێرا کاریگەرە دژی چەند جۆرێکی دیاریکراوی هەوکردن بەهۆی کەڕووەوە.
  3. کەمکردنەوەی گووشاری دەروونی: وەکو روونە گووشاری دەروونی کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر زۆرێک لە حاڵەتە تەندروستییەکان هەیە. هەرچەندە تاوەکو ئێستا دەرنەکەوتووە کە گووشاری دەروونی راستەوخۆ ببێتەهۆکار بۆ دروستبوونی کڕێشی سەر، بەڵام ئەو کەسانەی خۆیان کڕێشیان هەیە، ئەگەر گووشاری دەروونیشیان هەبێت، نیشانەکانی کڕێشەکە زیاتردەبێت، واتە زیاتر سەریان دەخورێت و وشکدەبێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا گووشاری دەروونی وادەکات بەرگریی جەستە داببەزێت و نەتوانێت دژی هەوکردنە کەڕووییەکان و نەخۆشییەکانی دیکەی پێست بجەنگێت.
  4. ئەسپرین: ترشی سالیسالیک یەکێکە لە پێکهاتە سەرەکییەکانی ئەسپرین کە دژەهەوکەرێکی کاریگەرە. هەندێجار ئەم پێکهاتەیە لە چەند جۆرێکی شامپۆشدا هەیە کە تایبەتن بە چارەسەرکردنی کڕێشی سەر. لە توێژینەوەیەکدا دەرکەوتووە ترشی سالیسالیک بەڕاستی کاریگەربووە لە دژی کڕێشی سەر و نیشانەکانی بە رێژەیەکی بەرچاو کەمکردووەتەوە.
    دەتوانرێت دوو حەبی ئەسپرین وردبکرێت و بخرێنە ناو شامپۆوە و دواتر بە شامپۆکە کەسەکە سەری بشوات.
  5. ئۆمێگا سێ: ئۆمێگا سێ چەندین رۆڵی گرنگ و سوودی بۆ تەندروستی هەیە، بۆنموونە رۆڵی گرنگی هەیە بۆ تەندروستیی دڵ، سییەکان و سیستمی بەرگریی جەستە. لەگەڵ ئەوەشدا رۆڵی گرنگی هەیە لە شێدارهێشتنەوەی پێست و رێخستنی بەرهەمهێنانی چەوریی پێست. ئۆمێگا سێ یارمەتیی ساڕێژبوونی برین دەدات، ناهێڵێت نیشانەکانی پیری زوو دەربکەون. کاتێک کەسێک ئۆمێگا سێی کەمە، لەوانەیە تووشی خوران و پەڵەی پێست ببێت.
    ئۆمێگا سێ پێکهاتەیەکی دژەهەوکەرە کە وادەکات نیشانەکانی کڕێشی سەر کەمترببنەوە، بەڵام هێشتا توێژینەوەی زیاتر پێویستە بۆ ئەوەی ئەم سوودەیان بە تەواوی پشتڕاستبکرێتەوە.
    ئەو خواردنانەی دەوڵەمەندن بە ئۆمێگا سێ، وەکو ماسی، بەتایبەتی ماسی سەلەمون، تۆوی چا و کەتان، چەرەسەکان وەکو گوێز، هەروەها تەواوکەری خۆراکیی زەیتی ماسی یارمەتیدەرن بۆ وەرگرتنی بڕی پێویست لەم پێکهاتە گرنگە.
  6. پڕۆبایۆتیک: پڕۆبایۆتیکەکان بەکتریای سوودبەخشن کە چەندین سوودیان بۆ تەندروستی هەیە، وەکو رێگریکردن لە هەستەوەری، دابەزینی رێژەی چەوریی خوێن و دابەزاندنی کێش. ئەم بەکتریایانە یارمەتیی باشترکردنی سیستمی بەرگریی جەستەش دەدەن، ئەمەش گرنگە بۆ لەناوبردنی ئەو کەڕووانەی هەوکردنی پێست دروستدەکەن و دەبنەهۆی دروستبوونی کڕێشی سەر.
    لە توێژینەوەیەکدا، 60 کەس بۆ ماوەی 56 رۆژ پڕۆبایۆتیکیان بەکارهێنا و دەرکەوت بەشێوەیەکی بەرچاو نیشانەکانی کڕێشی سەریان کەمبووبووەوە.
    ،هەروەها دەرکەوتووە کە پڕۆبایۆتیکەکان بەسوودن بۆ چەند گرفتێکی پێست، وەکو بیرۆ و هەوکردنی پێست بەتایبەتی لە منداڵانی ساوادا.
    پڕۆبایۆتیک دەکرێت لەرێگەی بەکارهێنانی تەواوکەری خۆراکیی پرۆبایۆتیکەوە وەربگیرێت.
  7. بەیکین سۆدا: لە تاقیکردنەوەیەکدا کە لەسەر چەند جۆرێکی کەڕوو کراوە، دەرکەوتووە دوای بەکارهێنانی بەیکین سۆدا بۆ حەوت رۆژ، گەشەکردنی 79%ی ئەو جۆرانەی کەڕوو کە دەبنەهۆی هەوکردنی پێست، بەتەواوی وەستاوە.
    لە توێژینەوەیەکی دیکەشدا دەرکەوتووە کە دەکرێت سوودی هەبێت بۆ ئەو کەسانەی سەدەفییان هەیە و خورانیان کەمدەکاتەوە، ئەم سوودەش دوای بەکارهێنانی بەیکین سۆدا بۆ ماوەی سێ هەفتە دەردەکەوێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە توێژینەوەیەکی دیکەدا دەرکەوتووە کە بۆ سەدەفی سوودی نییە. هەربۆیە پێویستە توێژینەوەی زیاتر بکرێت لەسەر سوودەکانی بەیکین سۆدا بۆ ئەو کەسانەی سەدەفییان هەیە.
    شێوازی بەکارهێنان: کەسەکە دەتوانێت راستەخۆ بەیکین سۆدا بدات لە قژی تەڕ و سەری مەساج بکات، دوای یەک بۆ دوو خولەک لە مەساجکردن پێویستە بە شامپۆ قژەکە بشوات.
  8. دوورکەوتنەوە لە هەندێک جۆری خواردن: هەندێک کەس لەوانەیە پێیانوابێت کە هەندێک جۆری خواردن دەبنەهۆی زیادبوونی کڕێشی سەر، هەندێک دەڵێن ئەو کاتانەی لە چەند خواردنێک دووردەکەونەوە، کڕێشی سەریان زۆر کەم دەبێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا توێژینەوەی پێویست بەردەست نییە بۆئەوەی بەتەواوی پەیوەندیی نێوان ئەم حاڵەتە و خواردن دەربخات.
    لەگەڵ ئەوەشدا، چەند گۆڕانکارییەک لە جۆری خواردندا، دەکرێت رێگربن لە تووشبوون بە هەوکردنی کەڕوویی ئەمەش لە رێگەی کۆنترۆڵکردنی گەشەی کەڕوو لەگەڵ باشترکردنی بەکتریا سوودبەخشەکانی گەدە و ریخۆڵەوە، ئەمەش هۆکارە بۆ باشتربوونی کڕێشی سەر.
    ئەو خواردانەی کە باشترە سنوورداربکرێن بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانی کڕێش وەکو
    • پاستا
    • گۆشتی سوور
    • خواردنە دەستکاریکراوەکان
    • خواردنەوە گازییەکان
    • خواردنە شیرینەکان

باشتر وایە سەرەتا کەسەکە ئەم رێگەیانە بەکاربهێنێت بۆ باشترکردنی حاڵەتەکەی، ئەگەر باشتریش نەبوو، دەتوانێت دواتر چەند بەرهەمێکی قژ کە بۆ مەبەستی کەمکردنەوەی کڕێش بەرهەمدەهێنرێن بەکاربهێنێت. ئەگەر کەسەکە دوای دوو بۆ سێ هەفتە هەر سوودی لەم بەرهەمانە نەبینی، باشتر وایە سەردانی پزیشک بکات.