تێسلا لە هیندستان کارگە دەکاتەوە

لۆگۆی کۆمپانیای تێسلا

ئیلۆن مەسک، بەڕێوەبەری تێسلا، لەم مانگەدا سەردانی هیندستان دەکات و لەگەڵ نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان کۆدەبێتەوە، چاوەڕواندەکرێت کارگەیەکی نوێ لە وڵاتەکە بکاتەوە.

دوو سەرچاوەی نهێنی بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، ملیاردێرەکە لە 22ی نیسان، لە نیودەلهی چاوی بە مۆدی دەکەوێت و پلانەکانی لە هیندستان رادەگەیەنێت.

ئاژانسی رۆیتەرز پێشتر رایگەیاندبوو، چاوەڕواندەکرێت بەرپرسانی تێسلا لەم مانگەدا سەردانی هیندستان بکەن بۆ ئەوەی سەیری شوێنی کارگەیەکی بەرهەمهێنان بکەن کە پێویستی بە وەبەرهێنانی نزیکەی 2 ملیار دۆلار هەیە.

هەر بە گوتەی سەرچاوەکانی رۆیتەرز، تێسلا دەستی کردووە بە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی شۆفێری دەستە راست لە کارگەکەی لە ئەڵمانیا، تاوەکو لە کۆتایی ئەمساڵدا هەناردەی هیندستانی بکات.

هەوڵەکانی تێسلا بۆ کردنەوەی کارگە لە هیندستان لە کاتێکدایە خواست لەسەر ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی لە بازاڕە سەرەکییەکانی ئەمریکا و چین کەمبووەتەوە، هاوکات پێشبڕکێی بەرهەمهێنەرانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی چینیش لە زیادبووندایە.

هێشتا بازاڕی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی هیندستان بچووکە بەڵام لە گەشەکردندایە، لە ساڵی 2023دا، ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان تەنیا %2ی کۆی فرۆشی ئۆتۆمبێلەکانیان پێکهێناوە، حکومەتی وڵاتەکە پلانی هەیە تاوەکو 2030 ئەو رێژەیە بۆ %30 بەرزبکاتەوە.