تێسلا بەهای ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی بەرزدەكاتەوە

بارگاویكەرێكی نەوەی سێی ئۆتۆمبێلە كارەباییەكانی تێسلا لە ئەتڵەنتای ئەمریكا. فۆتۆ: AP

کۆمپانیای تێسلا بڕیاریدا بەهای ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی لەچەند وڵاتێکی ئەوروپا بەرزبکاتەوە، ئەوەش لە بەرواری 22ـی مانگی ئازارەوە.

بەهای ئۆتۆمبێلی کارەبایی تێسلا، لەهەندێک وڵاتانی ئەوروپا بەنزیکەیی دوو هەزار و 177 دۆلار بەرزدەبێتەوە، ئەمەش لەکاتێدایە ئیلۆن مەسک کە خاوەنداریی کۆمپانیاکە دەکات، رۆژی هەینی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، هەر ئۆتۆمبێلێکی کارەبایی کۆمپانیاکە نزیکەی هەزار دۆلار دەچێتە سەر نرخەکەی.

ئۆتۆمبێلی کارەبایی جۆری مەودا درێژی کۆمپانیاکە، هەزار دۆلار چووەتە سەر نرخەکەی و بووە بە 43 هەزار و 990 دۆلار، هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی تێسلا دەگەڕیتەوە بۆ زیادبوونی تێچووی بەرهەمهێنان.

کۆمپانیای تێسلا لەمانگی کانوونی دووەمی ساڵی رابردوو هۆشداریدا لەوەی، فرۆشی بەشێوەیەکی بەرچاو لەساڵی 2024دا کەمدەبێتەوە چونکە تیشک دەخاتە سەر بەرهەمهێنانی نەوەی نوێی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەناوی ریدوود.